به‌ڤیدیۆ .. له‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی بارهه‌ڵگرێكی نه‌وت و پاسێك له‌ شاری سنه‌ 30 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

تا مه‌ودای 50 مه‌تر هه‌ركه‌سێك له‌ ئاگره‌كه‌ نزیك زیانی به‌ركه‌وتووه‌

له‌ ئاكامی به‌ریه‌ككه‌وتنی بارهه‌ڵگرێكی نه‌وت و پاسێك له‌ شاری سنه‌ی ئێران لانیكه‌م‌، 30 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

شایه‌تحاڵانی رووداوه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن له‌ كاتێكدا پاسه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵگرتنی سه‌رنشین له‌ شه‌قامی دكتۆر حوسه‌ینی له‌ نزیك تێرمیناڵی سنه‌ راوه‌ستابووه‌، به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ بارهه‌ڵگرێكی نه‌وت روویداوه‌ و له‌ ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێزی بارهه‌ڵگره‌كه‌ش شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كه‌ گیانی له‌ده‌ست داوه‌.

چیاكۆ كه‌ریمی، شۆفێری پاسه‌كه‌ كه‌ له‌ رووداوه‌كه‌دا بریندار بووه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ئینتیخاب-ی راگه‌یاندووه‌: نیوه‌شه‌وی دوێنێ له‌ كاتێكدا پاسه‌كه‌یان راوه‌ستابوو، رووداوه‌كه‌ روویداوه‌ و 29 كه‌س له‌ سه‌رنشینانی نێو پاسه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌درێت به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ و ئاگركه‌وتنه‌كه‌وه‌ زیان به‌ر‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئۆتۆمبێل كه‌وتووه‌ كه‌ له‌ نزیك شوێنی رووداوه‌كه‌ بوون و تا مه‌ودای 50 مه‌تر هه‌ركه‌سێك له‌ ئاگره‌كه‌ نزیك زیانی به‌ركه‌وتووه‌.