فازڵ میرانی: یەكڕیزیى كورد لە بەغدا زۆر گرینگه‌ بۆ بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكان

فازڵ میرانى، پێشوازى لە كۆنسووڵى گشتیى شانشینى بەریتانیا لە هەرێم كرد


سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازیی کونسووڵی گشتیی بەریتانیادا لە هەرێمی کوردستان، باسی ڕەوشی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، بەشداریی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە کابینەی نوێی عێراقدا بە گرینگ دەزانن.

ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبى سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبى سیاسى پێشوازى لە كۆنسووڵى گشتیى شانشینى بەریتانیا لە هەرێمى كوردستان، مارتن وار و شاندێكى یاوەرى كرد.

فازڵ میرانى وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان، دواپێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەكانى هەرێمى كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كاردانەوەكان و ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و لێكەوتەكانى دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەكانی باس كرد و تیشكى خستە سەر سەردانى شاندى پارتى بۆ بەغدا و چاوپێكەوتنەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و ئاڵوگۆڕكردنى بیروڕا لەسەر پێكهێنانى حكوومەتى نوێی عێراق.

دواتر سكرتێرى مەكتەبى سیاسى باسى بڕیارى نایاسایى و نادەستووریى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقی كرد كە مشتومڕێكى زۆرى لێ كەوتەوە و تەئكیدى كرد: "هەڵوەشاندنەوەى دەنگەكانى هێزى پێشمەرگە و ئاسایش لە هەرێمى كوردستان و زەوتكردنى مافى دەنگدەران نادادپەروەرانەیە و پێچەوانەى دەستوورە و ئێمەش تێبنى زۆرمان لەسەر ئەداى كۆمسیۆن و بەڕێوەبردنى پرۆسەى هەڵبژاردن و دەستكاریى ئەنجامەكانمان هەیە.

فازڵ میرانى تەئكیدى كرد: یەكڕیزیى كورد لە بەغدا زۆر گرینگ و پێوستە بۆ بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكانى گەلى كوردستان و ئاماژەى بە هەڵوێستى هاوبەشى پارتى و یەکێتی كرد و هیواى خواست لەگەڵ لایەنەكانى تریش بگەنە لێكتێگەشتنێك بۆ بەشداریى كاری هەمەلایەنە بۆ پاراستنى دەستكەوتەكانمان و پێداگریكردن لە مافەكانى كورد لە بەغدا و ئومێدەوارن سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان خاڵە هاوبەشەكانیان بەسەر خاڵە ناكۆكەكانیاندا زاڵ بێت و پێكەوە بە هەستكردن بە بەرپرسارەتى بەشدارى لە حكوومەتى نوێى عێراقدا بكەن.

دواتر سكرتێرى مەكتەبى سیاسى ئاماژەى بەوە دا: لە لاى حكوومەتى هەرێمى كوردستان پابەندبوون بە دەستوور وەك یەك پاكێج و بە لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپەكانى تەوافق و هاوسەنگى و بەشداریى هەموو لایەنەكان بەلایانەوە گرینگە.

مارتن واریش سوپاسى مەكتەبى سیاسى كرد بۆ ئەم پێشوازییە و هیواى خواست تەواوى كێشە و گرفتەكان بە لۆژكى لێكتێگەیشتن چارە بكرێن و كورد بەشداریى كارا و بەهێزى لە حكوومەتى داهاتووى عێراقدا هەبێت.