له‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ و نوێ بۆ قۆناغێكی نوێ و گرنگ!

دوای 8 مانگیش "بیرت مه‌كگۆرك" توانی بگاته‌ سه‌ری بڵند و به‌دیداری سه‌رۆك شاد ببێت
Thumbnail

پاش بانگه‌شه‌یه‌كی ئارام و هێمنی پارتی و بانگه‌شه‌ی توند و پڕ ته‌شهیر و ناوزراندنی یه‌كتری لایه‌نه‌كانی تر هه‌ڵبژاردن كۆتایی هات و خه‌لكی كوردستان زۆرینه‌یان داوای عه‌قل و خواستی دڵیان به‌جێ گه‌یاند و هێمنترین حیزبی سه‌رده‌می بانگه‌شه‌ و پێشره‌وی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییان هه‌ڵبژارد و ئه‌مجاره‌ش پارتیان وه‌ك پێشه‌نگ هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناوەندەوە به‌رگریكاری سه‌رسه‌ختی مافه‌كانیان بێت، پارتیش وه‌ك حیزبی باوك و گه‌وره‌ی هه‌مووان ده‌ستپێشخه‌ری خۆی بۆ یه‌كخستنی نێوماڵی كوردی ڕاگه‌یاندووه‌ و نێچیرڤان بارزانی نیگه‌رانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌ نیگه‌رانی جدی خۆی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت زانی و داوای له‌ كۆمسیۆن كرد هه‌ر ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنی نیگه‌رانیه‌كان بیگرێته‌ به‌ر و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانه‌ به‌ ده‌ست یان هه‌ر رێگایه‌كی تربێت، چونكه‌ وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی پێ كرد بۆ خۆی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت یه‌كگرتووی كورد له‌ به‌غدا به‌لایه‌وه‌ خاڵی گرنگترینه‌، ئێستا پارتی زیاتر له‌ نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی خه‌لكی هه‌رێمی كوردستانی به‌ده‌ست هێناوه‌، فراوانی ئه‌و حیزبه‌ سنوری هه‌رێمی تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌ به‌غدای ناوەندی دەسەڵات كورسیه‌كی كورد په‌روه‌رانه‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌ و به‌ بێ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك و ته‌نها وه‌ك حیزب توانیویه‌تی زۆرترین ده‌نگی له‌ عێڕاقدا به‌ده‌ست بێنێت، له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی عێراق هێلی ته‌له‌فۆنی سه‌ركردایه‌تی پارتیان مه‌شغوڵ كردووه‌ و پیرۆزباییه‌كانیان ڕیزی به‌ستووه‌

  دوای 8 مانگیش "بیرت مه‌كگۆرك" توانی بگاته‌ سه‌ری بڵند و به‌دیداری سه‌رۆك شاد ببێت و به‌ ڕوخسارێكی شاگه‌شكه‌ ئاساوه‌ پیرۆزبایی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی لێ بكات و داوای لێ بكات وه‌ك مه‌رجع و پێشه‌وای كورد ده‌ستپێشخه‌ری بكات عێراق له‌ شه‌رێكی نه‌خوازراو دوربخاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ی ڕوودانی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی ئه‌مریكا پشتیوانی ده‌كرد نه‌یتوانی ببێته‌ لیستی ژماره‌ یه‌ك و زه‌حمه‌ته‌ جارێكی تر بتوانێ حكومه‌ت پێك بهێنێته‌وه‌ و له‌ سلێمانیش ناكۆكی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار و زۆری نه‌ماوه‌ لایه‌نه‌كان بژارده‌ی گفتوگركردنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ببێته‌ چه‌ك پارێزگاری سلێمانیش لە نوێترین ڕاگەیەنراویدا هۆشداری داوە لە ئەگەری رودانی پشێوی لەو شارە، ته‌نانه‌ت بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ناو خۆشیان په‌نا بۆ هه‌ولێر ده‌به‌ن! به‌لێ وه‌ك نێچیرڤان بارزانی وتی قۆناغێكی نوێ ده‌ست پێ ده‌كات و بێ گومان قۆناغی نوێ ئه‌مجاره‌ به‌ خواستی كورد ده‌بێت و په‌رته‌وازه‌یی ناو ماڵی شیعه‌ و دابه‌شبوونی لیست و قه‌واره‌كان به‌جۆرێكه‌ كه‌ هیچیان ناتوانن به‌ ته‌نها یان ته‌نانه‌ت به‌ گرێدانی دوو تا سێ هاوپه‌یمانیش حكومه‌ت پێك بهێنن، بۆیه‌ تاكه‌ بژارده‌ له‌به‌رده‌میان په‌نا بردنه‌ به‌ر كورد و له‌ناو كوردیش پارتی هێزی باڵادەست و زۆرینەیە بەڵام پارتی و سەرکردایەتیەکەی هەمیشە یەک هەڵوێستی و یەک گرتوویی کوردیان مەبەست بووە و دەیەوێ بەر لە ڕووکردنە بەغدا لایەنە کوردیەکان لەوبارەیەوە یەک دەنگ و یەک بڕیار بن، بێگومان وەک هەموو جار کاریزمایی سەرکردایەتی پارتی و پێویستی هەبوونی پارتی بۆ تەواوی لایەنەکان سەلماند و هەمووان دەیانەوێ بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەشتر پارتی ئەندازیار و کۆکەرەوە و ڕێیشاندەریان بێت له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا سەرەتا لایه‌نه‌ كوردیه‌كان و دواتر ئه‌و لایه‌نه‌نه‌ی به‌غدا كه‌ تا دوێنێ دژایه‌تی خواستی كوردیان ده‌كرد و دوای دادگایی بارزانیان ده‌كرد به‌ هه‌ورازی پیرمامدا سه‌ركه‌ون و هه‌موویان له‌ ترافیكی سه‌ری بڵنده‌وه‌ چاوه‌رێی شكۆی نه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ن تاكو رێكیان بخات و كه‌ بێ گومان به‌بۆچوونی ڕابه‌ر و مه‌رجعی گه‌لی كوردیش ڕیكخستنی ناوماڵی كورد له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌ و ئه‌وكاته‌ی كه‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان یه‌ك ده‌گرن ئیتر هه‌ر لایه‌ن و هاوپه‌یمانیه‌تێكی به‌غدا كه‌ به‌دیهێنان و جێبه‌جێ كردنی زۆرترین داوا ره‌واكانی كورد له‌سه‌ر كاغه‌زێك مۆر بكات ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌توانێ متمانه‌ی كورد به‌ده‌ست بهێنێت و حكومه‌تی داهاتوو دروست بكات.