حیزبی شیوعی: لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی هه‌رێم ده‌یانه‌وێ سكاڵاكانیان ببه‌نه‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان

هه‌ندێك له‌و لایه‌نه‌ عێراقییانه‌ خۆیان سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له‌سه‌ره‌

كاوه‌ مه‌حمود ،سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكا راگه‌یاندووه‌: له‌كۆبونه‌وه‌ی شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرا كه‌ شاندێكی شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی ساخته‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن بچنه‌ به‌غدا، هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كان ئه‌مه‌یان پێ باشبوو، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك حیزبی شیوعی پێمان باش نه‌بوو له‌م بارودۆخه‌ وا ده‌ربكه‌وێت كه‌ سكاڵامان بردۆته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌كان، له‌كاتێكدا هه‌ندێك له‌وانه‌ خۆیان سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له‌سه‌ره‌ ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌و هه‌ستیاری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا، پێمان باش نه‌بوو.

 گوتیشی: هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌و میزاجه‌یان هه‌بوو سكاڵا ببه‌نه‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، ته‌نها حیزبی شیوعی كوردستان نه‌بێت.

دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان شه‌ش لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان كه‌بریتین له‌ گۆڕان، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ، یه‌كگرتووی ئیسلامی،حیزبی شیوعی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ڕه‌خنه‌یان له‌ ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان هه‌یه‌ .