دایك و باوكی به‌ندكراوێكی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌لایه‌ن ئیتڵاعاتی شاری سنه‌وه‌ ده‌ستگیركران

ئازاری جه‌سته‌ییان پێیان گه‌یاندووه‌ و سووكایه‌تییان پێكردوون

رامین حوسێن په‌نایی كه‌ به‌ندكراوێكی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و به‌م دواییه‌ سزای سێداره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، رۆژی رابردووش هێزه‌كانی سه‌ر به‌ ئیتڵاعاتی شاری سنه‌ دایك و باوكی به‌ساڵاچووی ناوبراویان ده‌ستگیر كردووه‌.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان، هێزه‌كانی ئیتڵاعاتی سنه‌ له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی دایك و باوكی رامین حوسێن په‌ناییدا ئازاری جه‌سته‌ییان پێیان گه‌یاندووه‌ و سووكایه‌تییان پێكردوون.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا چالاكانی سیاسیی و مافی مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ پاڵپشتیی له‌ رامین حوسێن په‌نایی كه‌مپینێكیان ریكخستووه‌. 

ئه‌م هاووڵاتییه‌ی رۆژهه‌لاتی كوردستان كه‌ چه‌ند مانگ له‌وه‌پێش له‌لایه‌ن دادگای شاری سنه‌ سزای سێداره‌ی بۆ دیاریكرابوو، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایشیدا بڕیاری جێبه‌جێكردنی سزاكه‌ی پێڕاگه‌یه‌نراوه‌.

ناوبراو به‌گوێره‌ی بۆچوونه‌كانی سیسته‌می دادوه‌ریی ئێران تاوانبار كراوه‌ به‌ " ئه‌ندامێتیی له‌ یه‌كێك له‌ حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هه‌روه‌ها سه‌رپێچیی له‌ فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتی دادپه‌روه‌ر ".

شایه‌نی باسه‌ كه‌ دایك و باوكی رامین تا ئێستاش له‌ ئیتڵاعاتی سنه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن و ئازاد نه‌كراون.

سه‌رچاوه‌ / رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی