پاشای سعودیه‌ ره‌خنه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا بۆ ئۆرشه‌لیم ده‌گرێت

شا سه‌لمان پاشای سعودیه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی لوتكه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ كۆمكاری عه‌ره‌بیدا، شا سه‌لمان پاشای سعودیه‌ وتی كه‌ بڕیاری ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌ی له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم به‌ كارێكی باش نازانین.

سه‌باره‌ت به‌م كاره‌ی ئه‌مریكا، شا سه‌لمان وتی: به‌یتولموقه‌دده‌سی رۆژهه‌ڵات به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ی خاكی فه‌ڵه‌ستینه‌ و ئه‌مریكاش ده‌یهه‌وێت به‌ گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی خۆی بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌، شاره‌كه‌ به‌ پایته‌ختی راسته‌قینه‌ و فه‌رمیی ئیسڕائیل بناسێنێت، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ی حكومه‌تی دۆناڵد ترامپ كارێكی نه‌شیاوه‌.

هه‌روه‌ها شا سه‌لمان له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به‌ سووریا هیچ لێدوانێكی نه‌دا و له‌ به‌رامبه‌ردا ره‌خنه‌ی زۆر و توندی له‌ ئێران گرت و وتی: ئێمه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ به‌ پێداگرییه‌وه‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كان و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ له‌ كاروباری وڵاتانی عه‌ره‌بیی ئیدانه‌ ده‌كه‌ین.


سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی