سەردانەکەی نێچیرڤانی بارزانی بۆ تورکیا و ئاماژەکانی"

دواجار وەکوو سەرۆکی وڵاتێک بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان كراوه‌
Thumbnail

 

تورکیا وڵاتێکی خاوەن سیادە و دراوسێیەکی هەرێمی کوردستانە کە لەماوەی ڕابردوودا وەکوو پاڵپشتێک بۆ هەرێم دەردەکەوت،لە کات و ساتی ڕیفراندۆمی هەرێمدا پەیوەندیەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بەتەواوی ئاڵۆز بوو،تا ئەو ئاستەی خودی ئەردۆگان چەندین لێدوانی توندی دژی هەرێمی کوردستان دا،بەڵام لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەو پەیوەندیە بەرەو لێک نزیکبوونەوە چووە.

سیاسەت بە عاتیفه ناکرێت، هەرێمی کوردستان دەزانێت تاکە ڕێڕەوی سامانە نشتیمانیەکەی کە (نەوتە)تورکیایە،ئاخر نەوت کەرەستەیەک نیە بە فڕۆکە هەناردە بکرێ،بەڵکوو پێویستی بە بۆڕی گواستنەوەیە،هەرچی ئێرانە ناتوانێت نەوتەکەی خۆی هەناردە بکات،سوریاش شەڕ و ئاڵۆزی یەقەی گرتووە،عێراقیش ئەو وڵاتەیە هەوڵی دەدا دەست بەسەر ڕێڕەوە نەوتیەکانی هەرێمدا بگرێ،ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان گونجاوە بەڵام ناکرێ بڵێن تورکیا پێویستی بە ئێمە نیە، تورکیاش لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ دراوسێکانیدا توشی چەندین ئاڵۆزی بووە،یەکێک لەوانە سوریا یان دەتوانین بڵێن یۆنان وەیا کێشەکانی تورکیا و ئەوروپا،بۆیە دەکرێ بڵێین هەرێمی کوردستان و تورکیا تەواوکەری یەکدین،ئەوانەش دەیانەوی هەرێمی کوردستان دەبێت زوو زوو میلان بنێت بەتورکیاوە،دەی ئەمە خەوی حوشترە،ئەم هەرێمەی ئێمە کەخۆی دەیان کێشەی هەیە و دەیانی دیکەش بەرۆکی گرتووە و بەری نادات ناکرێ بەو حاڵەوە بچێت بەگژ بەهێزترین وڵاتی ناوچەکە،بچێتە شەڕێکەوە کە هی ئەو نیە،ئەوەی ڕوونە ئەوەیە ئاک پارتی و ئەردۆگان تاکوو دە ساڵی دیکە حوکمی تورکیا دەکەن، کەواتە دەبێت هەرێمی کوردستان لێکدانەوەی لۆژیکی زۆرباشی بۆ داهاتوو هەبێت،ئێستا کورد خاوەنی هەرێمێکی دانپێدانراوە نەوەک میرنشین و خێوەتگە کە وەکوو چەتەی سەر سنور بژی،ناچارە خۆی لەگەڵ ئەم واقعەدا بگونجێنێ،ئێستا کە تورکیا وازی لەو کەلەڕەقی و بەگژداچوونەوەیەی هێناوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان کە هەشت مانگ پێش ئێستا پەیڕەوی دەکرد،دەبێ سەرکردایەتی هەرێمیش کار بۆ بەرەو پێشچوونی ئەو پەیوەندیە بکات و سودی لێ ببێنێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پێگە ئابوری و سیاسەکەی.

ئەردۆگان لەکۆتایدا گەیشت بەو ڕاستەی ناتوانێت پشت لەهەرێمی کوردستان بکات ئەگەرچی چەند دژی سەربەخۆیی کوردەکانیش بێت،دواجار وەکوو سەرۆکی وڵاتێک بانگێشتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ئاهەنگی دەستبەکاربوونی،نابێت ئەوەشمان بیر بچێت لەمڕۆوە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە بەو پێیەی سیستەمی حوکمڕانیەکەی دەگۆڕێت،بۆیە کورد دەبێت لەگەڵ ئەو هەلومەرجە نوێیەدا خۆی بگونجێنێ.