رۆلى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى له‌سه‌ر یه‌كنه‌بوونى گوتارى سیاسى كوردستان

میدیای ئایینی هەیە، بەئاشکرا سووکایەتی بە پێڕەوکارانی ئایینەکانی دیكه‌ دەکات
Thumbnail

سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێت گفتوگۆى خۆم و كه‌سایه‌تییه‌كتان بۆ باس بكه‌م كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ى یاساكانى رۆژنامەوانیی كوردیی داڕشتووه‌.
جارێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ باسمان له‌ یاساكانى رۆژنامه‌وانیی كوردى كرد كه‌ چه‌ندیان له‌ جێى خۆى بوون و چه‌ندیان هه‌ڵه‌ بوون، یاخود بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ ماوه‌كان پێویست بووه‌، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و به‌ زه‌ره‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.


ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ دانى به‌وه‌دا نا كه‌ خودى خۆى ده‌ستى له‌ زۆرینه‌ى یاساكاندا هه‌بووه‌ و ئێستا په‌شیمانە لە زۆربەی هەرە زۆری بڕگە و بەندەکانی كه‌ دایانڕشتووه‌.
مه‌به‌ستم له‌ هێنانه‌وه‌ى ئه‌م گفتوگۆیه‌مان، بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ بزانن زۆرینه‌ى بڕگه‌و ماده‌ یاساییه‌كانى رۆژنامه‌گه‌ریى كوردى رێگه‌خۆشكه‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بێسەروبەری و فرەگوتارییەی میدیاى كوردى دروست بێت و له‌ هه‌مان كاتدا نه‌توانرێت رێگرى له‌ تێپه‌ڕاندنى هێڵى سوور بكرێت كه‌ ئێستا به‌هۆى ئازادیى رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ ئەتوانم بڵێم رۆژانە ئه‌و هێڵه‌ سووره‌ ده‌به‌زێنرێت كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیی کوردستان هه‌یه‌.

یەکێک لە کێشەکانی ئەو یاسایانەی پەیوەست بە کاری رۆژنامەوانی لە کوردستان دەرچوون، ئەوەیە کە هەموو کەس بۆی هەیە ببێتە رۆژنامەوان و مەرج و سی ڤی و هەڵسەنگاندن بۆ ئەزموون و کارەکانی نییە، لەوە خراپتر ئەوەیە کە هەموو کەس بۆی هەیە ببێتە سەرنووسەر، یان سەرپەرشتیاری دەزگایەکی میدیایی، بەبێ ئەوەی لە ئەزموونی پێشووی بپرسرێتەوە.
ئینجا هه‌ر خودى ئه‌و ئازادییه‌ بێ سنوره‌، هۆکاری هه‌ره‌ گرنگى دروستبوونى چه‌ندین كه‌ناڵى سه‌ر به‌ لایه‌نى حزبى بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌شیان به‌ڕاى من یه‌كێك بووه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانى یاساى رۆژنامەوانیی كوردى، چونكه‌ که‌ناڵە حزبییەکان، رەنگدانەوەی گوتار و پەیام و سیاسەتی حزبەکانن، حزبەکانی کوردستانیش ناکۆکن و تا ئێستا بەداخەوە لەسەر پرسە نیشتمانییەکان کۆک نین و هەریەکەیان بۆچوون و گوتارێکی هەیە، بۆ نموونە لەبارەی پرسێکی گرنگی نیشتمانیی وەکوو ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، حزبەکان لەسەر گوتارێک رێک نەکەوتوون و بەپێی بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان، باس لە ریفراندۆم دەکەن، هه‌ر حزبێك له‌رێى كه‌ناڵه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت خۆى وا ده‌ربخات كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ به‌رگرى له‌ مافى مرۆڤ و ئازادیى تاك ده‌كات و وڵات به‌ره‌و پێش ده‌بات، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ رێى كه‌ناڵه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌وڵى شكاندنى لایه‌نى تر ده‌دات بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجى ته‌سكى حزبیى خۆى، لەڕێی سڕینه‌وه‌ى خه‌بات و شۆڕشى چه‌ندین ساڵه‌ى حزبه‌کانی تر. 

دەبینین له‌ رووداوێکی وەکوو هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردستان و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە لە خاک و خەڵکی کوردستان، کەناڵە میدیاییە کوردستانییەکان بە یەک شێوە باسی ناکەن، بەداخەوە بینیمان لەو رۆژە سەختانەدا، هەندێ میدیای کوردستان لەبەرئەوەی حزبەکانی خۆیان هیچ رۆڵێکی پۆزەتیڤیان نەبوو لەو شەڕەدا، سووکایەتییان بە پێشمەرگە دەکرد، بە (میلیشای چەکدار) ناویان دەبرد، یان خەڵکانێک لەو کەناڵانەوە هاواریان دەکرد: پێشمەرگە دەبێ سەنگەرەکان چۆڵ بکات، چونکە بەرگری لە دەسەڵاتی گەندەڵکار دەکات!. ئاخر چۆن یاسایەکت نەبێ، ئەم جۆرە کەسانە و ئەو جۆرە کەناڵانە لەو سنوورەدا رابگرێت! ئەمە لە هیچ وڵاتێکی دیموکراسیشدا ئەگەر وەکوو ئێمە لە حاڵەتی شەڕدا بێت، قبووڵ ناکرێ.ئا ئه‌مه‌ واى كردووه‌ كه‌ گه‌لى كوردستان به‌ گشتى و گه‌لى كورد به‌تایبه‌تى، متمانه‌یان به‌ قسەی میدیاکان نەمێنێ و نه‌توانن رێره‌وى بیركردنه‌وه‌ى خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن و بڕیار له‌سه‌ر مافى خۆیان بده‌ن،
راستە حزبەکان ئەو بۆشاییەیان پڕ کردووەتەوە، کە دەبوو دەوڵەمەندان و سەرمایەداران و بازرگانان بیکەن، ئاخر ئەگەر حزبەکان سەرمایەی خۆیان بۆ دامەزراندنی کەناڵ و دەزگای میدیایی خەرج نەکردایە، بێ گومان سەرمایەداران هەر وەکوو ئێستا، خۆیان لە پرۆژەی میدیایی نەدەدا، چونکە بەداخەوە لە کوردستان میدیا قازانج ناکات، بەڵام دەبێ ئەو چاوەڕوانییەشمان نەبێ لە میدیای کوردستان کە یەک گوتار و یەک دەنگ بێت لە پرسە نیشتمانییەکاندا، چونکە بەڕاستی حزب یان کەسایەتیی حزبی هەیە لەم کوردستانەدا، کە بە هیچ شێوەیەک لە خەمی داهاتووی ئەم وڵاتە و نەوەکانیدا نییە، ئیتر چاوەڕێی چی لە میدیاکەی بکەین!  

 با باسێكیش له‌و كه‌ناڵانه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌ڵێن سه‌ربه‌خۆن یان بێ لایه‌نن. لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ ئاراوه‌؛ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ سه‌ربه‌خۆن یان بێ لایه‌نن، چ پێویست به‌وه‌ ده‌كات بانگه‌شه‌ى بۆ بكه‌ن؟ مەبه‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ راستى سه‌ربه‌خۆ و بێ لایه‌ن بن، ئه‌وا كاره‌كانتان ده‌ری ده‌خات كه‌ ئێوه‌ وه‌هان نه‌وه‌ك بانگه‌شه‌كه‌یان پێچه‌وانه‌ى كاره‌كه‌یان بێت، من به‌ش به‌حاڵى خۆم تا ئێستا كه‌ناڵێكى سه‌ربه‌خۆ و بێ لایه‌نم نه‌بینیوه‌، هەموو جارێکیش له‌ كاتى قه‌یرانه‌كاندا هه‌ڵوێستى ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌رده‌كه‌ون و ئاشكرا ده‌بن كه‌ بێ لایه‌نن یان نا!

میدیای ئایینی هەیە، بەئاشکرا سووکایەتی بە پێڕەوکارانی ئایینەکانی دیكه‌ دەکات، هەندێکیشیان بیروباوەڕی توندوتیژی بڵاو دەکەنەوە، لە کاتێکدا کوردستان و خەڵکەکەی، قوربانیی توندوتیژی و توندڕەویی ئایینین. 

من به‌ش به‌حاڵى خۆم واى ده‌بینم كه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشانه‌ ته‌نها به‌ گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكانى رۆژنامەوانی و بەهێزکردنی خودی یاسا دەبێ. پێویسته‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌گه‌ر كارا بۆوه‌ یاخود خولى نوێى هه‌ڵبژێردرا، پێش هه‌موو شتێك هه‌وڵ بۆ گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ى زۆرینه‌ى یاساكانى رۆژنامەوانی كوردى بدات، بۆ ئه‌وه‌ى چى دى هێڵى سوور نه‌به‌زێنرێت و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و ئاشتەوایی کۆمەلایەتیی ئەم کۆمەڵگەیە تێكنه‌درێت.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ