له‌ 18شوباتدا مه‌ئمون ده‌باغ له‌یاد ناكه‌ین

 یه‌كێتی قوتابیان خێرا له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا ده‌ستی كرد به‌ كارو خه‌بات و بره‌ودان به‌ بیری نه‌ته‌وایه‌تی
النسخة المصغرة

شه‌هیدان نامرن زیندوون وان له‌دڵی میله‌تدا, ئه‌م وه‌سفه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌واو گونجاو بێت بۆ شه‌هیدان به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر شه‌هید بونی مه‌ئمون ده‌باغ به‌ڵام ئه‌و هێشتا زیندووه‌ له‌ دڵی ئێمه‌دا, كاتێك ژیان و كارو خه‌باتی سیاسی ئه‌و ده‌خوێنیته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و خه‌باتت لاشیرین ده‌بێت, یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان قوتابخانه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و پێگه‌یاندنی كادری سیاسی , چالاك و ناودار بووه‌ له‌گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستاندا.

 له‌ ناوڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌نێو قوتابیانی كورددا به‌هێز بووه‌ به‌ڵام پێویستی به‌ ڕێكخستن و زیاتر كۆكردنه‌وه‌یان بووه‌ له‌ ژێر گوتارێكی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی یه‌كگرتودا  و ئاراسته‌كردنیان به‌ پێی قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كه‌, هه‌ربۆیه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی نه‌مر بارزانی له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بڕِیاری دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانی دا, له‌ 18/2/1953ئه‌م ڕێكخراوه‌ وه‌كو ڕێكخراوێكی پیشه‌ی جه‌ماوه‌ری قوتابیانه‌ ده‌ستی كرد به‌كاركردن.

 یه‌كێتی قوتابیان خێرا له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا ده‌ستی كرد به‌ كارو خه‌بات و بره‌ودان به‌ بیری نه‌ته‌وایه‌تی, به‌ چالاكی و كاره‌كانی قوتابیانی كوردی زیاتر ئاشنا كرد به‌ بیری نه‌ته‌وایه‌تی و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ قوتابیان هاتنه‌ ڕیزه‌كانی (ی ق ك )خۆبه‌خشانه‌  خه‌باتیان كرد و ژیانی خۆیان له‌و پێناوه‌دا به‌خشی دیارترینیان ( مه‌ئمون ده‌باغ و له‌یلا قاسم ) مه‌ئمون ده‌باغ وه‌كو یه‌كه‌م شه‌هیدی یه‌كێتی قوتابیان گیانی به‌ خاكی كوردستان به‌خشی  و له‌یلا قاسم وه‌كو یه‌كه‌مین كچه‌ قوتابی نه‌ك له‌ ئاستی كوردستان به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوراست گیانی خۆی به‌خشییه‌ خاكی پیرۆزی كوردستان.

ئێستاو دوای زیاترله‌ نیو سه‌ده‌ یه‌كێتیی قوتابیان به‌رده‌وامه‌ له‌ داهێنان و به‌رهه‌م هێنانی خوێنی نوێ و پێشكه‌ش كردنی به‌ كوردستانی دایك,  له‌ ئێستادا به‌ فۆڕمێكی نوێ و به‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك قوتابی و كادری نوێ  و بره‌ودان به‌كاری خۆبه‌خشی و به‌هێز كردنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و به‌رگری كردن له‌ مافه‌كانی قوتابی و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ست هێنانی زه‌ماله‌ی خوێندن له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات و دروست كردنی جیلێكی نوێ له‌ قوتابیانی كوردستان  بۆ سه‌ركردایه‌تی كردنی داهاتوی وڵات له‌به‌رنامه‌و كاری ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌.

له‌ 65ه‌ مین ساڵیادی دامه‌زراندی (ی ق ك ) به‌ڵێن ده‌ده‌ین وه‌كو مه‌ئمون ده‌باغ دڵسۆزانه‌ و كوردانه‌  خۆمان بكه‌ین به‌ قوربانی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان, به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خه‌بات و خزمه‌ت كردن به‌ قوتابیانی كوردستان .