دواجار سه‌رۆك بارزانی سه‌ركه‌وت

به‌داخه‌وه‌ ده‌ستێكی قێزه‌ون بووه‌ هۆكاری خیانه‌تی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر و به‌مه‌ش رۆژگارێكی ناهه‌مواری تووشی گه‌لی كوردستان كرد
Thumbnail

  دوای ئه‌وه‌ی قسه‌گه‌لێكی زۆرم هاته‌سه‌ر له‌لایه‌ن هاوڕێ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌مه‌وه‌ له‌باره‌ی گشتپرسی و به‌گووته‌ی خۆی "ئه‌مه‌ ریفراندۆم بوو، بووه‌ هۆكاری ئه‌و قه‌یران و شه‌ڕ و تێكهه‌ڵپژانه‌ی به‌رۆكی كوردستانی گرت". ئه‌و رۆژه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان هاوڕێم له‌په‌راوێزی باسی مووچه‌ و كاری رۆژانه‌مان، گفتوگۆی سیاسیش ئێمه‌ی بردینه‌وه‌ هه‌مان رۆژانی راپرسی و  ئاهه‌نگگێڕانی كوردستانیان و لێدوانی وڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌ دژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه‌.

  من هه‌ر له‌سه‌ر رای خۆم سووربووم، ئه‌ویش كه‌ به‌پێی دووربینی سه‌رۆك كه‌ پێشتر له‌ تیڤییه‌كانه‌وه‌ بۆ رای گشتی و كوردستانیان به‌یانی ده‌كرد، دیار بوو گه‌یشتبووه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی مێژوویی گه‌لی كوردستان بوو، له‌ناو ده‌می ئه‌م هه‌موو گورگه برسی و پۆخڵانه‌‌، كورد توانی ئه‌م هه‌له‌ بقۆزێته‌وه‌، كه‌ به‌ گووته‌ی هاوڕێكه‌م جارێكی تر ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌.

  كاتێك سه‌رۆك بارزانی ده‌یگووت دژبه‌رانی ریفراندۆم پێیان وایه‌ كات كاتی ریفراندۆم نییه‌، چونكه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ ره‌خسابوو و ده‌یانه‌ویست ئه‌م هه‌له‌ له‌ده‌ست كورد بده‌ن، هاوڕێكه‌شم هه‌مان بۆچوونی بۆ روون ببووه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یگووت: بارزانیش به‌پێی ئه‌زموونی سیاسی و دووربینی خۆی، ده‌یزانی كه‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی خۆیان وه‌ك نیسك بێ روو و پشتن، ده‌رفه‌تێكیش ره‌خساوه‌ و ره‌نگه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه، بۆیه‌ سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌ مه‌زنه‌كه‌ هه‌ر ئه‌نجامبدات، بۆیه‌شه‌ به‌ ته‌نها له‌به‌رانبه‌ر هه‌موو جیهان وه‌ستایه‌وه‌ و له‌سه‌ر مافێك كه‌ مافی ره‌وای گه‌لێكی سته‌مدیده‌یه‌، پێداگری كرد و دواجاریش هه‌ر به‌جێی گه‌یاند.

  چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، سه‌رۆك بارزانی گووتی: ده‌بێت ئارام بین، ئارام گرتن ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام، ده‌ستكه‌وتنی ده‌رئه‌نجامی هه‌موو كارێك پێویستی به‌ خۆڕاگری و قوربانیدان هه‌یه‌، ئه‌م وته‌یه‌ له‌مێشكی من چه‌سپا، بێ كۆشش و قوربانیدان ناگه‌ین به‌ هیچ ئامانجێك، نه‌خاسمه‌ ئامانجێكی وه‌ها پیرۆز و نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

  دوای ئه‌م پڕۆسه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ ده‌ستێكی قێزه‌ون بووه‌ هۆكاری خیانه‌تی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر و به‌مه‌ش رۆژگارێكی ناهه‌مواری تووشی گه‌لی كوردستان كرد، عێڕاق هێزی سه‌ربازی به‌رانبه‌ر به‌ كوردستان به‌كارهێنا و پیلانێكی ژێربه‌ژێری وڵاتانی ئیقلیمی به‌رانبه‌ر به‌ پیشكه‌وتنه‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌تیش به‌رانبه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی كه‌ جێبه‌جێكاری ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ نیشتیمانییه‌ بوو، داڕێژرا، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ پردێ قاره‌مانانه‌ چۆكی به‌ هێز‌ی حه‌شدی شه‌عبی دانا و گورزێكی جه‌رگبڕی لێ وه‌شاند.

  عێڕاق ده‌یه‌ویست هه‌ولێری پایته‌ختیش وه‌ك كه‌ركووك به‌ شه‌وێك داگیر بكات، به‌ڵام به‌رنامه‌كه‌ی به‌ خۆڕاگری پێشمه‌رگه‌ له‌گۆڕ نرا، ئێران له‌سه‌ر بڕیاری عێڕاق تاكلایه‌نه‌ سنووره‌ بازرگانییه‌كانی به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان داخست، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك به‌ناچاری كه‌ خۆپێشاندانه‌كان له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران بوونه‌ مه‌ترسی ئه‌منی قه‌ومی له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌، دواجار به‌ناچاری سنووره‌ بازرگانییه‌كانی به‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان كردنه‌وه‌.

  عێڕاق پێداگری ده‌كرد كه‌ ده‌روازه‌ی فیشخاپوور به‌ زه‌بری هێز بگرێت و ده‌ماری بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا وشك بكات، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌حمودییه‌‌ و سحێلا داستانێكی واگه‌وره‌و و مه‌زنیان تۆمار كرد كه‌ جارێكی تر عێڕاق و حه‌شدی شه‌عبی نه‌وێرن باسی له‌شكركێشی بۆ سه‌ر بستێك خاكی كوردستان بكه‌ن.

  عێڕاق بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راگرت، هه‌رچه‌نده‌ زیانێكی زۆری ئابووری بۆ كوردستان لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام دواجار بڕیاری كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌‌كانیشی دا.

  عێڕاق سوور بوو بۆ هێنانی فه‌رمانبه‌ری خۆی بۆ سنووره‌ بازرگانی و فڕۆكه‌خانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دواجار ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ی بڕیاره‌كانی دیكه‌ی، بۆی نه‌چووه‌ سه‌ر.

  عێڕاق له‌ یاسای بودجه‌دا ویستی ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بسڕێته‌وه‌ و بیكات به‌ حكوومه‌تی پارێزگاكانی باكور، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستووری عێڕاقدا دان به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نراوه‌، ئه‌و پیلانه‌شی به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشت.

  هه‌موو ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌ و كه‌مین و پیلانه‌‌ی عێراق و به‌تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێڕاق بۆ كوردستان به‌رنامه‌ی بۆ داڕشتبوو، مه‌رجی سه‌ره‌كی كردنه‌وه‌ و ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كانی به‌ستبووه‌وه‌ به‌ هه‌ڵپه‌ساردن، یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دواجار راپرسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و بووه‌ تاپۆیه‌كی ره‌ش به‌ده‌ست گه‌لی كوردستانه‌وه‌، كه‌ هه‌ر كاتێك بیه‌وێ له‌ كاتی گونجاو بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ به‌كاری بهێنێت.

  (رۆسۆ) ده‌ڵێت "ته‌نها ویستی گشتی ده‌توانێت رێنوێنی ده‌وڵه‌ت بكات" بۆیه‌شه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌ ناخی دڵی گه‌له‌كه‌ی ده‌گه‌یشت كه‌ چی ده‌وێت، بۆچی سه‌دان ساڵه‌ خوێن ده‌ڕێژێت، قوربانی ده‌دات، ئه‌نفال ده‌كرێت، زینده‌به‌چاڵده‌كرێت، كیمیاباران ده‌كرێت، زێدی ده‌سووتێندرێت...هتد، بۆیه‌شه‌ بارزانی بووه‌ به‌دیهێنه‌ری خه‌ونی هه‌موو كوردێك كه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ ئاواتی بۆ ده‌خوازێ.

  ئێستا كه‌ عێڕاق  هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌دوای شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان داینابوو "كه‌ ده‌زانێت شتێكی لێ سه‌وز نه‌بوو" به‌ناچاری خۆی لێ نه‌بان كردووه‌، ته‌نانه‌ت به‌ هه‌وڵه‌ دیبلۆماسییه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕێكیش له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی مووچه‌خۆران گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌چی پرسی ریفراندۆمیش وه‌كخۆی به‌ گه‌وره‌یی ماوه‌ته‌وه‌، كه‌ هاوڕێكه‌م پێشتر دژبه‌ری یه‌كه‌می ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ بوو، ئێستا به‌ ده‌ستكه‌وتێكی دیرۆكی لێی ده‌ڕوانێت، ئه‌مه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی به‌ ئیراده‌ و ئه‌زموونی سیاسی خۆی پیشانیداین، كه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ قوربانیدان و ئارامگرتن و پێداگریكردنه‌وه‌ به‌دی دێت.

  كارێزمایی سه‌رۆك بارزانی له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ وه‌كچۆن‌ كۆمه‌ڵناسی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانی (ماكس ڤیبه‌ر) ده‌ڵێت: كارێزما توانایه‌كی نائاسایی و ده‌گمه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی دیاریكراوه‌، هێزێكی نائاسایی كه‌سێكه‌ كه‌ ده‌بێته‌هۆی دروستكردنی متمانه‌ و دڵسۆزی ئه‌وانی تر و زۆرجار له‌م هێزه‌ سه‌رووسروشتییه‌وه‌ سه‌ركرده‌ و پێشه‌وا دروستده‌بێ. بۆیه‌ سه‌رۆك بارزانیش به‌ كارێزمایی و ئه‌زموونی سیاسی و دووربینی و وشیارییه‌وه‌ توانی سه‌ركه‌وتنێك بۆ گه‌له‌كه‌ی تۆمار بكات، كه‌ ببێته‌ بناغه‌یه‌ك بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ داهاتوودا، ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی سه‌رۆك بارزانی‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ جیهان و به‌تایبه‌تیش رۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌به‌رده‌م گۆڕانكارییه‌كی جوگرافی و سیاسیدایه‌.