یاریكردن بە تەفسیری دەستوور.. بۆ سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە

سەرچاوەی هەموو كێشەكان و رەگ و ریشەی ناسەقامگیری و تایفەگەری لە عێراقدا، ئەو لایەنە لێی بەرپرسیارە كە خۆیان پێش هەر لایەكی دیكە لە دەستوورەكە یاخیبوون
Thumbnail


فەرهاد محەمەد
ئەو رۆڵەی دراوە بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان لە 25 ئەیلوولی رابردووەوە، زۆر لە شان و شەوكەوتی تەنكنۆكراتێكی وەك عەبادی گەورەترە، لەگەڵ ئەوەی باجی ئەم مامەڵەیەی عەبادی بە تەنیا گەلی كوردستانی تێدا زەرەرمەند نابێت، بەڵام هەتا ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر مەترسییەكانی ئەم ئاراستە خراپەی عەبادی بە هۆش خۆیان دێنەوە و هێڵی سووری بۆ دیاریدەكەن، ئەوا گەلی كوردستان دەبێت لەوە دڵنیابێت بێجگە لە پشتیوانی خوا و چیاكانی كوردستان دۆستێكی دیكەی نییە، بۆیە دەبێت بە پشت بەستن بە ئیرادەی خۆی و لۆژیكی حكومەتەكەی رێگە بگرێت لەو دەرهاویشتە خراپانەی مامەڵەی خراپی حەیدەر عەبادی بە دوای خۆیاندا دەهێنێت.

ئەمەش راشكاوانە گەیاندنی ئەو پەیامەیە بە حەیدەر عەبادی، ئەگەر ئەو بەوە خۆشخەیاڵە كە دەتوانێت بە گوشار و پەنابردنی بۆ هێزی سەربازی ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنێت، ئەوا دەبێت لەوە دڵنیابكرێتەوە چۆن تەنیا سێ ساڵ لەمەوبەر لەبەرامبەر هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش، گەلی كوردستان پشتیوان بە خواو بە ئیرادەی خۆی شەڕی مان و نەمانی لەگەڵ داعشدا راگەیاند و پاشانیش جیهان پشتگیری لێكرد و ئەفسانەی داعشی بەتاڵكردەوە، ئەوا ئەگەر ئەمجارەش بە شێوەیەكی دیكە ناچار بكرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەرگری لە كەرامەت و ئیرادەی خۆی دەكات و هەمان بڕیاری مان و نەمان دەدات، ئەوجا ئاكامی ئەم بڕیارە هەر چییەك بێت، لەمێژە سەركردایەتی سیاسی كوردستان ملی ئەو رێگایەی كردووە     (چی دەبێت با ببێت).


لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو راستییە تێگەیشتووە، ئامانجی حكومەتەكەی عەبادی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەنابردن بۆ هێزی سەربازی و خوێنڕشتنە، بەڵام هەوڵەكانی لەوەدا چڕكردۆتەوە بە هەر شێوازێك دەگونجێ رێگە لەم خوێنڕشتن و كاولكارییە بگرێت، بەرگری قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لە میحورەكانی پردێ و سحێلا و پیشخاپوور، پەیامێكی راستەوخۆ بوو بۆ بەهۆش هاتنەوەی عەبادی و حكومەتەكەی كە ناتوانێت بە زەبری هێز هیچ شتێك بەسەر كوردستاندا فەرز بكات، بۆیە باشترە ئەوان دەستبەرداری ئەقڵییەتی لۆژیكی هێز بن و بگەڕێنەوە بۆ هێزی لۆژیك بۆ ئەوەی تەواوی كێشەكانی نێوان عێراق و كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا جێبەجێ بكرێت.


عەبادی و تەواوی سیاسەتمەدار و فەرماندەكانی حەشدی شیعە زۆر باش لەو راستییە ئاگادارن، فاكتەری سەرەكی كە بووە هاندەر بۆ ئەوەی كوردستان ریفراندۆم ئەنجام بدات، ئەوە بووە كە دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق ئامادە نەبوون دەستووری عێراقی 2005 جێبەجێ بكەن.

دیارە هەموو لایەكیش ئاگادارە كە لایەنی سەرەكی لە یاخیبوون لە دەستوور و خۆدزینەوە لە رێككەوتنی هەولێر، نوری مالیكی سەرۆكی حزبی دەعوا بووە، ریفراندۆم بەكارهێنانی كارتێك بووە لەلایەن كوردستانەوە بۆ ئەوەی شیعەی عێراق ناچار بكات پابەندبن بە دەستوورەوە، هەروەها ئەم ئاگاداركردنەوەیە بە حەیدەر عەبادییش دراوە و راشكاوانە پێی گوتراوە: (ئەگەر ناتوانن ئەم دەستوورە جێبەجێ بكەن و درێژە بە پێكەوەژیانی كوردستان و عێراق بدەن، باشترە بۆ میكانیزم و بەدیلێكی دیكە بگەرێن و پەنا بۆ شەڕ و خوێنڕشتن نەبەینەوە و دوو دراوسێی باش بین لەگەڵ یەكتری باشترە لەوەی لەناو یەك وڵاتدا شەڕی یەكتری بكەین).

ئەم پەیامە بۆ ئێستاش هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووەو لەداهاتووشدا هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت، بەڵكو ئەوەی ئێستا حكومەتی كوردستان دەیكات و ئامادەباشی تەواوی خۆی پیشانداوە بۆ ئەوەی دەستووری 2005 وەك یەك دیكۆمێنت هەمووی پێكەوە جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەیە جیهان لەو راستییە باشتر تێبگات كە نەك هەر عەبادی، بەڵكو سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی بێت، یان موقتەدا سەدر، یان هادی عامری و قەیس خەزعەلی و .. هتد، هیچ كامیان ناتوانن پابەندی جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە بن كە ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش داوای جێبەجێكردنی دەكەن.


گرنگە تەواوی هاووڵاتیان و حزبە سیاسییەكانی كوردستان، لەم بازنەیەدا نەرمی نواندن و پێداگریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وتووێژ و دانوستاندن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بخوێننەوە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا پشتگیریی حكومەتی خۆیان بكەن، لەبەر ئەوەی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 كە لانیكەمی ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستانی لەخۆی گرتووە و وەك نەخشەیەكی رێگە لەلایەن كوردستانییانەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق سەیر دەكرێت، ئەوا دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق ئامادە نین لانیكەمی ئەو ماف و داخوازییانەی گەلی كوردستان بسەلمێنن، بۆیە ئەم عینادی و لووتبەرزییەی ئێستا حكومەتەكەی عەبادی تووشی بووە، پرسێك نییە پەیوەندی بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، یان كێشەی حكومەتی عەبادی لەگەڵ لایەنێكی سیاسیی دیاریكراوی كوردستان بێت، نەخێر كێشەی دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق لەگەڵ تەواوی ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستانە، یاخیبوونە لەو دەستوورەی كە خۆیان دەنگیان پێداوە، پەشێمان بوونەوەیە لە هەموو ئەو بەڵێن و هاوپەیمانییەی نێوان كورد و شیعە كە كردیانە پرد بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و ملهوڕیكردن بەرامبەر كوردستان.


ئاشكرایە قۆناخی گرنگ بۆ پشتگیریكردنی نێودەوڵەتی لەمافە دەستوورییەكانی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، لەدوای هەڵوێستە لۆژیكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پشتگیری تەواوی خەڵك و حزبەكان بۆ ئەم حكومەتە دەست پێدەكات، ئەمەش راشكاوانە لە پەیامەكانی سەرۆكی فەرەنساو وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان رەنگی داوەتەوە، بەوەی هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە رێز لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان دەگرن، ئەم پشتگیرییانە بۆ مافە دەستوورییەكانی كوردستان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، دەستپێكی قۆناخێكی دیكەیە لە پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراقدا، دەرخستنی ئەو راستییە شاراوانەیە كە جیهان تێدەگات، سەرچاوەی هەموو كێشەكان و رەگ و ریشەی ناسەقامگیری و تایفەگەری لە عێراقدا، ئەو لایەنە لێی بەرپرسیارە كە خۆیان پێش هەر لایەكی دیكە لە دەستوورەكە یاخیبوون، بۆیە ئێستا عەبادی دەكەوێتە بەردەم قۆناخێكی هەستیار لە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و دەبێت بیسەلمێنێت، ئایا عەبادی ئەو كەسەیە كە داكۆكی لە دەستوور و دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی عێراق دەكات، یان ئەمیش وەك ئەوانی دیكە، دەستووری كردۆتە پەردەیەك بۆ ئەوەی مەرامی تائیفەگەرایی شیعە و كۆپیكردنەوەی كۆماری ئیسلامی لە عێراقدا پێ بشارێتەوە.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ