وای دادەنێین....

لەوانەیە كیمیا و ئەنفالیش بێتەوە گۆڕێ
Thumbnail

با وای دابنێیین شیعەو سوننە وەك جاران هەستە عروبەوییەكەیان جولاوە و خوێن و تۆڵەی ١٤٠٠ ساڵی ڕابردوویان وەلانا، باوای دابنێین كوردیش بەرامبەر بەوە گەڕایەوە سەردەمی مستەفا بارزانی و هەستی نەتەوەیی یەكی خستنەوە و هەموو بەرژەوەندییە حزبی و میزبییەكانیان وەلانا، چی دەبێت؟

بەغدای دەوڵەت، پشتیوان بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی، كارتە سیاسی و دپلۆماتییەكان دەسوتێنێ و فڕێی دەداتە شەتولعەرەب (یەكگرتنی دیجلەو فورات تێككردنەوەی شیعەو سوننە، بەڵام كۆنە برینی ١٩٧٥ی ئێران)

با وای دابنێیین ئێرانیش بەهۆی ئەو هەستەی بۆ شیعەكان هەیەتی ، برینەكەی سڕڕ كرد تا ژانەكەی دەنگی لێوەنەیەت، بەغدا دوای توڕدانی كارتە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە سەرعادەتی قەدیم، هێز دەكاتەوە چارەسەر، شارەكان بۆردومان دەكات، لەوانەیە كیمیا و ئەنفالیش بێتەوە گۆڕێ، مەسعود بارزانی ئاڵاكەی بەرەی كوردستانی هەڵدەگرێتەوە، شەڕی قەومی بەحەماسەتی قەتلوعام پەرە دەسێنێ،كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەیاننامەی نیگەرانییەكانی چاپ و بڵاو دەكاتەوە ،بازرگانەكانیشیان چەكە كەڵەكەبووی كۆگاكانیان ساغ دەكەنەوە،ئێران و توركیا چی دەكەن؟

پێموایە توركیا سەیركەرێكی زیرەك دەبێت و كەلوپەلی ئینشائیش ساغ دەكاتەوە،بەڵام ئێرانییەكان خۆناگرن و دەستێكیان لە هاوڕەگەزە نەفرەتكراوەكانیان و دەستێكیان لەلای هاومەزهەبەعەزیزەكانیان دەبێت،نایانەوێ هیچ لایەكیان سەركەون،بەڵكو پێویستیان بەوەیە هەردووكیان بەدۆڕاوی لە بەردەرگای تاران ببینن ،لە تەنیا حالەتێكدا كورد چانسێكی زیاتری دەبێت، بەغدا پەنا بۆ قوڵاییە عەرەبییەكەی سەردەمی بەعس ببات.

با وای دابنێیین عەبادیی بڕیاری خۆیدا و پەنای بۆ كەنداو و ڕۆژاوا برد ئێران كارتە بەهێزەكەی هەر كورد دەبێت،ئایا بەمە كورد دەچێتە فیناڵ؟