نێچیرڤان بارزانی ئامرازی ئاشتییە

وەک ئەوەی حەسەن عەلەوی گوتی‌ "نێچیرڤان بارزانی ئاو بە هەموو ئاگرێکدا دەکات
Thumbnail

سیاسەتی نەرم و تەندروستی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هێندە گەشەی کردووە کە خەڵکی غەیرە کوردیش دەرکی پێ بکەن، وەک ئەوەی حەسەن عەلەوی گوتی‌ "نێچیرڤان بارزانی ئاو بە هەموو ئاگرێکدا دەکات."
ئەوەی عەلەوی دەیڵێ، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەمیشە نێچیرڤان بارزانی ڕێگریی لە پەرەسەندنی ناکۆکی و ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گرتووە. هەر کاتێک گرفتەکان قووڵ بوونەتەوە و بەرەو توندوتیژی ڕۆیشتوون، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دۆخەکەی هێور کردووەتەوە و نەیهێشتووە ئاڵۆزییەکان پەرەبسێنێت.
کاتی خۆی کە شەڕی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە نێوان پارتی و یەکێتی ڕوویدا، نێچیرڤان بارزانی بەردەوام هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکەی دەدا و، جەنابی مام جەلال زۆر لێی ڕازی بوو، چونکە دەرکی بە ئاشتیخوازیی نێچیرڤان کردبوو. سەرسامیی مام جەلال بۆ نێچیرڤان گەیشتە ئەوەی لە یەکێک لە کابینەکانی حکومەتدا دوو ساڵی حوکمڕانیی یەکێتی بە نێچیرڤان ببەخشێت.
ئەو کاتەی گۆڕان هەڵەیەکی گەورەی بەرامبەر بە پارتی کرد و هەوڵیدا کودەتای پەرلەمانی بەسەر پارتیدا بکات، بەڵام نێچیرڤان ڕێگەی نەدا و سوکترین سزای بۆ گۆڕان پەسەند کرد، کە ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان بوو.
هەروەها لە دوایین تەنگژەی نێوان هەرێم و بەغدا، کە حکومەتی عێراق هێرشێکی زۆری بۆ سەر کوردستان هێنا، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەرمیی نواند و بەردەوام جەختی لەسەر چارەسەرکردنی گرفتەکان بە شێوەی دیالۆگ دەکردەوە، تا ئەنجام قەناعەتی بە حکومەتی عێراق و هێزی نێودەوڵەتیش کرد کە هێور ببنەوە و فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان هەڵ بگرن و، لە بەغدایشەوە بڕێک پارە بۆ هەرێم هەناردە کرا.
خۆ ئەگەر سیاسەتی تەندروستی نێچیرڤان بارزانی نەبووایە و وەک هەمیشە ڕێگەی ئاشتی نەگرتبایەتە بەر، ئەوا ڕەنگە ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بهاتبایە. بۆیە ئەو ئامرازی ئاشتی و ئارامیی کوردستان و عێراقە.