پێویستمان به‌ میدیاى نیشتیمانییه‌

گرنگه‌ ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر هێڵ و ئه‌جێنداى لایه‌نى ده‌ره‌كى و نه‌یارانى داهاتووى ئه‌م وڵاته‌ن به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌
Thumbnail

 پرۆسه‌ى ریفراندۆم، پرسى كوردى له‌ قۆناغى خه‌باتى سنووردار بۆ به‌دیهێنانى مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى خۆى گواسته‌وه‌ بۆ قۆناغى جاڕدانى داوا و هاوارى سه‌ربه‌خۆیى، كه‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌ سینه‌ى هه‌ر هاووڵاتییه‌كى كوردستاندا په‌نگى خواردووه‌ته‌وه، به‌ ده‌ستپێكى ئه‌م قۆناغه‌، به‌رچاوترین كایه‌، كه‌ ده‌كرێت رۆڵێكى گرنگ و كاریگه‌ر له‌ ئاراسته‌كردن، یه‌كخستنى گوتار و رایگشتییدا بگێڕێت؛ میدیایه‌. میدیایه‌ك بتوانێت چیدیكه‌ له‌ بازنه‌ى رابردوویدا نه‌خولێته‌وه‌، سه‌رگه‌ردان نه‌بێت به‌ دواى ناسنامه‌ى شار، حزب و ده‌ستى ده‌ره‌كیدا و بیه‌وێت پێشكه‌وێت و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى نوێ خۆى نوێبكاته‌وه، میدیایه‌ك سنوورى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ به‌رته‌سكه‌كانى تێپه‌ڕێنێت، به‌ره‌و به‌رژه‌وه‌ندى فراوانترى نیشتیمانى هه‌نگاو بنێت،له‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌ى رابردوودا، میدیاى ئێمه‌ به‌ ره‌وشێكى ناهه‌موار و به‌ دۆخى پاشاگه‌ردانییه‌كى ئه‌وتۆدا تێپه‌ڕیوه‌،‌ زۆرتر له‌وه‌ى له‌ خزمه‌تى ستراتیژێكى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بێت، له‌ سه‌نگه‌رى حزب و كه‌س و لایه‌نى سیاسییه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ته‌قه‌ له‌یه‌كتر، هاوكات به‌شێكى كه‌وتووه‌ته‌ داوى ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى، زیاتر له‌وه‌ش مه‌ترسیدار بووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌ناڵ و ده‌زگاشیان كه‌وتوونه‌ته‌ سوڕگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى و یاریى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌ ناوچه‌یى و هه‌رێمایه‌تییه‌كان. 


بێگومان مه‌به‌ست له‌ (هه‌مووى) نییه‌، به‌ڵام به‌شێكى ئه‌و میدیایه‌ په‌رته‌وازه‌ و بێ ناسنامه‌یه‌ى هه‌بووه‌، بووه‌ته‌ بارگرانى به‌سه‌ر شانى كۆمه‌ڵگه‌وه‌، له‌ برى ده‌ستكه‌وت و كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه‌ى مه‌عنه‌وى و پاشخانێكى پیشه‌ییانه‌ لاى وه‌رگرى كورد؛ بووه‌ته جاڕسكار و هۆكارى نانه‌وه‌ى پشێوى كۆمه‌ڵاَیه‌تى، ده‌روونى، له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شاندنى یه‌كڕیزى، فووكردنه‌ ئاگرى دووبه‌ره‌كى و قوڵكردنه‌وه‌ى برینه‌كانى رابردوو، نه‌ك به‌ ئامانجى شه‌نوكه‌وێكى میدیایى و په‌ند وه‌رگرتن و دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و رابردووه‌؛ به‌ڵكو به‌ ئامانجى به‌رده‌وامیدان به‌و رابردووه‌ى، كه‌ سه‌ركرده‌كانى نه‌یانشاردووه‌ته‌وه‌، لێى په‌شیمانن، ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌ ده‌ریخست، له‌ رابردوودا كاركردنى به‌شێك له‌ میدیاى ئێمه‌ له‌ سوڕگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى نیشتیمانى و له‌ پێناو پێگه‌یاندن و تێگه‌یاندن، په‌روه‌رده‌كردنى نه‌وه‌یه‌كى وشیار و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ته‌ندرووست نه‌بووه‌.،هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌شێك له‌م كه‌ناڵانه‌ى هه‌ن، پێویستیى كۆمه‌ڵگه‌ سه‌رچاوه‌ى بوونیان نییه‌، هێنده‌ى ئه‌وه‌ى هۆكارى ده‌ره‌كى و پێویستى ئه‌جێنداى ئه‌م و ئه‌و له‌ پشت سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردن و مانه‌وه‌یان بووه‌. 


ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه، جیاوازه‌ له‌ قۆناغى پێش ریفراندۆم، گرنگه‌ ئه‌و كه‌ناڵ و ده‌زگایه‌ى ده‌یه‌وێت له‌ ناو خه‌ڵكدا بمێنێته‌وه‌، ببێته‌ میدیایه‌كى كوردییانه‌ و نیشتیمانیانه‌، به‌ روونى هێڵى كاركردنى خۆى دیار بكات، پێداچوونه‌وه‌یه‌كى سه‌راپاگیر به‌ ئه‌جێندا و سیاسه‌تى په‌یامى خۆیدا بكات. خوێندنه‌وه‌ى واقیعیانه‌ بۆ ئه‌م ره‌وشه‌ نوێیه‌ بكات. له‌ سۆنگه‌ى زانست و پیشه‌ى میدیایى و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتى له‌ ئاست قۆناغ و هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌كه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى خه‌ڵك و خاك و داهاتووى ئه‌م وڵاته‌ درێژه‌ به‌ گه‌یاندنى په‌یامى میدیاى خۆى بدات،گرنگیشه‌ ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر هێڵ و ئه‌جێنداى لایه‌نى ده‌ره‌كى و نه‌یارانى داهاتووى ئه‌م وڵاته‌ن به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌، ئه‌وه‌یان له‌به‌ر چاو بێت، نۆكه‌رایه‌تى بێگانه‌ و ده‌ستى ده‌ره‌كى هیچى لێ شین نابێت، وابه‌سته‌بوون به‌ به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى خه‌ڵك و نیشتمانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى كاركردنى پیشه‌ییانه‌ى میدیایى، به‌رپرسیارانه‌ رووماڵكردنى رووداوه‌كان دژ و ناكۆك نییه‌ له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ى راستییه‌كان، پاراستنى ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى، ئابوورى، فه‌رهه‌نگى، دژبه‌ر نییه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ما ئیتیكیى و زانستییه‌كانى كایه‌ى میدیایى. 
 

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ