رووماڵى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ و سه‌ليقه‌ى رۆژنامه‌وان

پرسيارى هه‌ره‌ گرنگ ئه‌وه‌يه‌، له‌ ئاست رووداوێكى له‌و جۆره‌دا كه‌ له‌ وڵاتان وه‌ك كاره‌ساتى نيشتيمانى ده‌ناسرێت، ميدياى كورديى رۆڵى چى بوو؟
النسخة المصغرة

رۆژنامه‌نووس، به‌ جلوبه‌رگه‌كه‌ى ناناسرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن به‌ مووچه‌ و جياوكه‌ تايبه‌ته‌كانى يان به‌ ژماره‌ى لايكى په‌يجه‌كه‌ى ياخود فۆلۆوه‌ره‌كانى له‌ ئينستگرام و تويته‌ر ناناسرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ى رۆژنامه‌وان له‌وانى ديكه‌ جياده‌كاته‌وه‌، سه‌ليقه‌ ميديايه‌كه‌يه‌تى، كه‌ به‌رده‌وام بۆنى چيرۆكه‌ مرۆييه‌كان، رووداوه‌كان، پێشهات و لێكه‌وته‌ى رووداوه‌كان ده‌كات.

باز به‌سه‌ر رووماڵى شه‌ڕى داعش، جينۆسايدى ئێزدييه‌كان، تاوانه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و راده‌ستكردنى كه‌ركووك بده‌ين و بڕوانينه‌ مامه‌ڵه‌ى ميدياكار و ميدياى كورديى له‌گه‌ڵ رووداوى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى شه‌وى 12ى نۆڤێمبه‌رى 2017. تێبينى چى ده‌كه‌يت، وه‌ك هه‌ر وه‌رگرێك، هاووڵاتييه‌ك، لانيكه‌م هه‌ست ده‌كه‌يت زۆرترين گرته‌ى ڤيديۆيى و وێنه‌ت له‌ باره‌ى شوێنه‌وارى بوومه‌له‌رزه‌كه‌ و ساتى روودانى بينيوه‌. هه‌ست ده‌كه‌ين وێنه‌گه‌لێكمان به‌رچاوكه‌وتوون كه‌ ره‌نگه‌ كاريگه‌رى خه‌مهێنه‌رى پتر له‌ هه‌ر شتێكى ديكه‌ له‌سه‌ر ده‌روونمان درووست كردبێت.

ئه‌وانه‌ ئاساييه‌، ئه‌وه‌ى ده‌ستت كه‌وتووه‌، ته‌نانه‌ت زۆرێكيان له‌ رێگه‌ى سايت و شاشه‌ى كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزيۆنييه‌كانه‌وه‌ به‌رچاوت كه‌وتوون. دووباره‌ و سێ باره‌ له‌ رێى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان به‌ تايبه‌تى فه‌يسبووك كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ به‌رچاو. كه‌واته‌ لانيكه‌م هونه‌رى گه‌وره‌ى ميدياى ته‌قليدى دووباره‌ په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌تانه‌ بووه‌ كه‌ به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان لێره‌ و له‌وێ بڵاويان كردووه‌ته‌وه‌.

پرسيارى هه‌ره‌ گرنگ ئه‌وه‌يه‌، له‌ ئاست رووداوێكى له‌و جۆره‌دا كه‌ له‌ وڵاتان وه‌ك كاره‌ساتى نيشتيمانى ده‌ناسرێت، ميدياى كورديى رۆڵى چى بوو، په‌يامى چى بوو، ده‌يه‌وێت چى بڵێت و چۆن گوزارشتى له‌و رووداوه‌ كرد.. هێشتا گرنگه‌ بپرسين، وه‌ك بينه‌رێك، خوێنه‌رێك به‌ ديار شاشه‌ى كه‌ناڵ و وێبسايته‌كانه‌وه‌ بوويت، كامه‌ راپۆرتى ميديايى كه‌ناڵه‌كان سه‌رنجى راكێشاويت.. كامه‌يان زانيارييه‌كى زياتر و شيكردنه‌وه‌يه‌كى زانستى و لۆژيكى يان وردتر چيرۆكێكى مرۆيى بۆ گێڕاويته‌وه‌ و له‌ گۆشه‌يه‌كى ياده‌وه‌ريتدا جێگه‌يه‌كى گرتووه‌. بۆچى ميدياكارى ئێمه‌ سه‌ليقه‌ى به‌دواداچوون و گه‌ڕان و دۆزينه‌وه‌ى سه‌ره‌داوى چيرۆكه‌ مرۆييه‌كانى نييه‌.. ئه‌گه‌ر هه‌شبێت تايپى ئه‌و جۆره‌ رۆژنامه‌نووسانه‌ له‌ په‌نجه‌ى ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن.

له‌ ژێر هه‌ژموونى زۆرينه‌ى بێ سه‌ليقه‌دا كارى ئه‌وانيش ونه‌، يان ده‌كه‌وێته‌ ژێر لێوانه‌وه‌ و ده‌رناكه‌وێت. كاره‌ساتێكى سرووشتى، له‌ گيانله‌ده‌ستدانى هاووڵاتييه‌وه‌ تا داڕووخانى بنميچى خانو و باڵه‌خانه‌كان، له‌ويشه‌وه‌ تا درووستبوونى مه‌ترسى جدى له‌سه‌ر به‌نداوێكى دێرين و سه‌رچاوه‌يه‌كى گرنگى ئاو له‌ هه‌رێمى كوردستان، رووداو و لێكه‌وته‌ى هه‌بووه‌. له‌ شه‌قار شه‌قاربوونى زه‌وييه‌وه‌ تا ونبوونى ئاوى كانياوه‌كان و داڕووخانى شاخ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ رۆڵى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان هه‌موويان ته‌نيا و به‌يه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گه‌لێك چيرۆك و بابه‌تى ميديايى ئه‌وتۆن، كه‌ ميديا ده‌توانێت ده‌ره‌قه‌تيان بێت. شه‌ن و كه‌ويان بكات. له‌ هه‌ناوى ئه‌و كاركردنه‌شى رێگه‌ خۆش بكات بۆ په‌يبردن و مامه‌ڵه‌ى ته‌ندرووستى خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ رووداوه‌ هاوشێوه‌كاندا له‌ داهاتوودا.

به‌ڵێ ئه‌ركى ميديايه‌ فێرمان بكات چۆن رووبه‌ڕووى وه‌ها حاڵه‌تێك ببينه‌وه‌ و چۆن وا بكه‌ين داموده‌زگاى حكومه‌تيى بكه‌ونه‌ سه‌ر رێى بيركردنه‌وه‌ و به‌رنامه‌ڕێژى بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونى لێقه‌وماوان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و رێگه‌گرتن له‌ زيانى گه‌وره‌. ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانه‌يه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ ئاسماندا هه‌ڵچوونه‌، به‌نداوه‌كان، رێگه‌ى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان، پرۆژه‌كانى نيشته‌جێبوون، هيچ رێنماييه‌كى تايبه‌ت به‌ بوومه‌له‌رزه‌ يان زريان ياخود لافاو و كاره‌ساته‌ سرووشتييه‌كانيان تێدا له‌به‌رچاوگيراوه‌.. ده‌بێت چى بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ حاڵه‌تى روودانى هه‌ر كاره‌ساتێكى له‌و جۆره‌ خه‌ڵك كه‌مترين زيانى به‌ركه‌وێت. ئه‌مه‌ ئه‌ركى رۆژنامه‌وانه‌ لێى بكۆڵێته‌وه‌ و بيكاته‌ بابه‌تى جێى بايه‌خى و له‌ باره‌يه‌وه‌ كارى ميديايى بكات. نه‌ك ته‌نيا خه‌ريكى بڵاوكردنه‌وه‌ى گرته‌ى ڤيديۆيى به‌كارهێنه‌ران و وێنه‌ى ئه‌و هاووڵاتيانه‌ بێت كه‌ به‌ر له‌ ميدياكان له‌ په‌يج و ئه‌كاونته‌كانى خۆيان پۆستيان كردووه‌. تا ئێستا ميديا نه‌يتوانيوه‌ خه‌مڵاندن و به‌ نزيكيش بێت ژماره‌يه‌ك له‌ باره‌ى زيانه‌ ماڵييه‌كانه‌وه‌ بدات به‌ ده‌سته‌وه‌. بۆ ژماره‌ى زيانه‌ گيانييه‌كانيش هێشتا جياوازى له‌ ژماره‌ى بڵاوكراوه‌ى كه‌ناڵه‌كان هه‌يه‌.

هێشتا ميديا نه‌يتوانيوه‌ پێمان بڵێت، درز بردن يان درووستبوونى مه‌ترسى له‌سه‌ر به‌نداوى ده‌ربه‌نديخان چ قيامه‌تێكى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئايا هه‌ر به‌ راست خۆمان ده‌توانين ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ين، يان ده‌بێت به‌غدا بێته‌ سه‌ر رێى ده‌ستگرۆهى هه‌رێم. هه‌موو ئه‌مانه‌ بابه‌تگه‌لێكن كه‌ پێويستيان به‌ ميدياكارى به‌ سه‌ليقه‌ و شاره‌زا هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت گۆشه‌كان بدۆزێته‌وه‌ و له‌ رێى ژانره‌ ميدياييه‌كانه‌وه‌ په‌يامى پێويست وه‌ك پێويست بگه‌يه‌نێت. ته‌نيا وه‌ستان به‌ مايكێكه‌وه‌ له‌ ناو ئاپۆڕاى خه‌ڵكدا و قسه‌ فڕێدان بۆ وه‌رگر و به‌ هه‌گبه‌ى خاڵى سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتى رووماڵى كاره‌ساته‌ سرووشتييه‌كان پێى ناوترێت رووماڵ و كارى ميديايى پرۆفيشناڵانه‌.

بابه‌ته‌ پەیوەندیداره‌كان

نوێترین ڤیدیۆ