ململانێی پۆپۆلیسته‌كان له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تمه‌دار

به‌ پێى یاساكانى فیزیا، هه‌موو كارێك كاردانه‌یه‌كی ده‌بێت
Thumbnail

حزب ببێته‌ ئامرازێك بۆ حوكمرانى یاخود حوكمرانى ببێته‌ قوربانى له‌ پێناو حزبایه‌تى ؟ ئه‌م پرسیاره‌یه‌ كه‌ وابزانم هه‌موومان له‌ خه‌یاڵمان دابوو له‌م هه‌فته‌ و چه‌ند رۆژى رابردوو له‌ كوردستان. له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م دیبه‌یته‌ فیكریه‌ كه‌ زۆربه‌ى قه‌یرانه‌كانى كوردستان له‌ چه‌ندین ساڵى رابردوودا له‌ ناویدا ده‌خولێته‌وه‌، حزب پێش حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تمه‌دارى یاخود حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تمه‌دارى پێش حزب ؟

ئه‌مه‌ى جه‌نابى سه‌رۆك كاك مه‌سعود بارزانى كرد له‌ به‌دیهێنانى پراكتیزه‌ی دیموكراتى له‌ سه‌ر مافى چاره‌ی خۆنووسی له‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌وه‌ ده‌یكات له‌ پاراستنى ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ میژووییه‌ و  ئه‌وه‌ى به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران كاك نیچیرڤان بارزانى كردى و ده‌یكات له‌ پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستورى هه‌رێمی كوردستان له‌ عیراق و له‌ پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ گه‌ل به‌غدا له‌ رێی دیالۆگى هێور و به‌رنامه‌ دارێژراو نموونه‌یه‌كى پێشكه‌وتووى ده‌وڵه‌تمه‌دارى و حوكمرانى یه‌.

به‌ڵام ئه‌مه‌ى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى كوردستانى ده‌یكه‌ن ، له‌ دژایه‌تی كردنى  ریفراندۆم به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی, وه‌ پاش ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه‌, وه‌ دژایه‌تی كردنی هه‌وڵه‌كانى كاك نێچیرڤان بارزانى و كوڕه‌ نه‌جیبه‌كه‌ى خوالێخوشبوو مام جه‌لال كاك قوباد تاله‌بانى,  وه‌ كاره‌كانى كابینه‌ی حكومه‌تى هه‌ریمی كوردستان له‌ كۆكردنه‌وه‌ى پشتگیری نیوده‌وڵه‌تى له‌ پێناو پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستورى هه‌ریمی كوردستان ده‌بیت چ پێناسه‌یه‌كى هه‌بیت ؟! ته‌نها پێناسه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ولێكى پۆپۆلیستى و حیزبیانه‌یه‌  كه‌ حوكمرانى و ده‌وڵه‌تمه‌دارى ده‌كاته‌ قوربانی حزبایه‌تی.

خه‌باتى كوردستانیان ده‌ستى پێكرد به‌ شۆرشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانى, وه‌ دواتر به‌ دامه‌زراندنى حزب كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی  رێكخستنى خه‌باتی شۆرشگێری  و دانانى پرۆگرامى سیسته‌ماتیك بو چۆنیه‌تى گه‌یشتن به‌ مافى خه‌ڵكى سه‌ربه‌رزى كوردستان به‌ هه‌ر دوو قۆناغه‌وه‌: قۆناغى شورشگێرى شاخ و قۆناغى خه‌باتى شارستانی و مه‌ده‌نی.

 له‌ دواى راپه‌رینى خه‌ڵَكى كوردستان له‌ ساڵى 1991 به‌ سه‌ركردایه‌تى پارته‌كانى به‌ره‌ى كوردستانى، حیزبه‌كانى شورشگێر بریاریان دا كه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت دابمه‌زرێنن وه‌ خه‌باتى شارستانی و مه‌ده‌نی ده‌ستپێبكه‌ن. له‌ به‌ر كه‌مى شاره‌زایی له‌ كارى مه‌ده‌نى و چه‌ندین هۆكارى ده‌ره‌كى ، پاشه‌كشه‌یه‌ك دروست بوو له‌م پرۆسه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین پێ بلیین پرۆسێسی پێگه‌یشتنى سیاسی به‌ تایبه‌ت له‌ دواى ده‌ستپێكردنى شه‌رى برا كوژى له‌ 1994 كه‌ جارێكی تر كوردستانى گه‌رانده‌وه‌ قۆناغى شورشگێرى و ململانێی حزبایه‌تی له‌جیاتی هه‌نگاونان به‌ره‌و حوكمرانى و ده‌وڵه‌تمه‌دارى.

 به‌لام هه‌ر چه‌نده‌ زوو كوردستان جاریكى دیكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شه‌رمانه‌ش بێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاوی نا له‌سه‌ر رێچكه‌ی ده‌وڵه‌تمه‌دارى و حوكمرانى له‌ سالى 1998 دوا به‌دوای  واژوو كردنى رێكه‌وتننامه‌ى واشنتۆن له‌ لایه‌ن هه‌ر دوو سه‌روك بارزانى و تاله‌بانى, وه‌ یه‌كخستنى هه‌ر دوو ئیداره‌ى هه‌ولێر و سلێمانى له‌ ساڵى 2006 كه‌ تاكو ئێستاش ئه‌م پرۆسه‌یه‌ 100% ته‌واو نه‌بووه‌ ، به‌ڵام ده‌توانین بڵیین له‌ قوناغى كوتایی دایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بابه‌تى جیاوازى سروشتى سیاسی له‌ نیوان هه‌ولێر و سلێمانى هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ ده‌مێنى. له‌كاتێكدا هه‌ندێ خه‌ڵك به‌هه‌ڵه‌  بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌روانن, وه‌ پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌مان بابه‌تى دوو ئیداره‌یی یه‌ ، كه‌چی له‌ راستى دا ئه‌م دوو بابه‌ته‌ زۆر له‌ یه‌كتر جیاوازن و زولمێكى گه‌وره‌یه‌ تێكه‌ل بكرێن له‌ هۆش و هزری جه‌ماوه‌رى كوردستان.

رێككه‌وتنامه‌ى ستراتیژی پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ سالى 2007 چانسێكى باش بوو بۆ به‌ره‌و پێشچوونى بوارى ده‌وڵه‌تمه‌دارى له‌ كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌رقه‌راربوونى سه‌قامگیری سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له‌ كوردستان.

 له‌م چه‌ند ساڵانه‌ى سه‌قامگیری دا, سه‌ره‌راى چه‌ندین كێشه‌یی ناوخویی و ده‌ره‌كى به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌لأ به‌غدا ، هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنێكى دیارى به‌ خۆیه‌وه‌ بینی كه‌ ده‌توانین بڵێین له‌م چه‌ند ساڵه‌دا هه‌رێمی كوردستان له‌ گشت بواره‌كان بوژانه‌وه‌یه‌كی جۆری به‌ده‌ستهێنا, به‌ڵام جارێكى دیكه‌ ده‌وڵه‌تمه‌دارى له‌ كوردستان تووشی قه‌یرانێكى توند بوو له‌ دواى هاتنی بای به‌هێزی به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ سه‌ره‌نجام هه‌رێمی كوردستانیش بێبه‌ش نه‌بوو له‌م شه‌پۆڵی گۆرانكاریانه‌, به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ شێوازی كاركردنی هه‌ندێ حزب و بزووتنه‌وه‌ وه‌ك  گۆران و پارته‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان  كه‌ له‌گه‌ل كه‌ش و هه‌واى ئه‌م به‌هاره‌ ساردوسڕه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئه‌وانیش تووشی سڕبوونه‌وه‌ی میتۆدی كاری سیاسی بوون.

 هه‌روه‌ك به‌ پێ یاساكانى فیزیا، هه‌موو كارێك كاردانه‌یه‌كی ده‌بێت، به‌ شێوه‌یك كه‌ حیزبایه‌تى پوپولیستى بزووتنه‌وه‌ى گوران له‌ نێوان ساڵانى 2011 تاكو ئه‌مرۆ بوه‌ته‌ هۆكاری ململانێی حزبایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست كه‌ رێگه‌خۆشكه‌ربووه‌ بۆ هه‌ژاندنى سه‌قامگیری سیاسی ئه‌م هه‌رێمه‌ ،بگره‌ بوه‌ته‌ هۆى دروست بوونى فه‌رهه‌نگى خوبه‌هێز كردن به‌ ركابه‌ره‌كانى ده‌ره‌كى دژى ركابه‌رى سیاسی ناوخویی كوردستان ، كه‌ ئه‌مه‌ش زور مه‌ترسیداره‌.

حیزبه‌كانى به‌ ناو ئوپۆزیسێون، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌ى كه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ زۆر ده‌گمه‌نه‌ له‌ جیهانى سیاسه‌ت ، چه‌ند حیزبێك له‌ ناو حوكمه‌ت بن و له‌ هه‌مان كات ئوپوزۆسیون بن ؟! یاخود حیزبێك فره‌ بریار بدات له‌ هه‌مان كاتدا و له‌ هه‌ولێر شه‌ریك بێت و له‌ سلیمانى و له‌ به‌غدا ئوپۆزیسیۆن بێت ؟!  ئیتر ناویان تازه‌ هه‌ر چووه‌ به‌ ئوپۆزیسیۆن, وه‌ به‌حزبێك كه‌ له‌ قوناغى قه‌یرانى ناوخویی خۆیدا به‌رده‌وام ده‌خولێته‌وه‌. ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ى له‌ توانایان هات كردیان له‌ سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمی و نێوه‌خۆیی له‌ دژایه‌تى كردنى حوكمرانى كوردستان.

 هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان بگره‌ له‌ به‌غداش پێشنیاری برینى بودجه‌ و قوتى خه‌ڵكى كوردستانیان كرد له‌ پێناو  دروست كردنى قه‌یرانى ناوخویی و دژایه‌تى كردنى ریفراندۆم و  دواتر ته‌سلیم كردنى كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌ریم دواى ریفراندوم  له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر, و دواتر هه‌موو هه‌وڵێكیان خسته‌گه‌ڕ بۆ په‌كخستنى دانوستاندنى هه‌ولێر و به‌غدا كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى دستور له‌ قوناغى ئیستادا. ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌موو ئه‌و كرده‌ قێزه‌وه‌نانه‌یان كرد له‌ پێناو زاڵكردنی ململانێی حزبایه‌تى ته‌سك و به‌رژه‌وه‌ندخواز له‌سه‌ر شانی ده‌وله‌تمه‌دارى له‌ كوردستان به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ سه‌ركوتوو نه‌بوون له‌ پلانه‌كانیان و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى كوردستان توانى دانوستاندنێكى هێورانه‌ و ده‌ستوریانه‌ ده‌ستپێبكات له‌ گه‌لأ به‌غدا, وه‌ هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی  ژیرانه‌ و زیره‌كانه‌ توانی كارتى نیوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمی به‌ كاربێنێ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌دا.

دوابه‌دوای ناردنى برێك له‌ استحقاقاتى كوردستان له‌ لایه‌ن به‌غدا, وه‌ دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى  بریاری فه‌رمى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ پێداچوونه‌وه‌ ده‌كات به‌ سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران, له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌هۆی چه‌واشه‌كردنی راستیه‌كان له‌باره‌ی ناردنی بره‌ پاره‌ی دابینكراو له‌لایه‌ن به‌غدا بۆ ته‌واوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ هۆكاری هاتنه‌سه‌ر شه‌قامی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ته‌ندروستی بۆ داواكردنی مافه‌ ڕه‌واكانی خۆیان كه‌چی هه‌ندێ له‌ حزبه‌ پۆپۆلیستی و ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان ئامانجی راسته‌قینه‌ی خۆپیشاندرانیان بۆ مه‌رامی حزبی به‌لارێدابرد له‌ سه‌ر ستایلى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ پێناو پرۆپاگه‌نده‌ى هه‌لبژاردنى پێشوه‌خت و له‌ پێناو راكێشانی سه‌رنجی ده‌نگده‌ران و په‌ڵكێشكردنی هه‌رێمی كوردستان جارێكى دیكه‌ به‌ره‌و ململانێ ی حزبایه‌تى به‌رته‌سك  و دروست كردنى قه‌یرانێكى دیكه‌ بۆ بزافى حوكمرانى و ده‌وڵه‌تمه‌دارى, كه‌چی ئه‌مجاره‌ش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون چونكه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت توانی ئه‌و خه‌ونه‌شیان له‌ گۆڕ بنێت به‌ چاكسازی له‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ قۆناغی ئێستادا, وه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.

 ئه‌وان, پارته‌ پۆپۆلیستی و تیۆكراسیه‌كان,  ته‌نها له‌ به‌كار هینانى كیشه‌ى قوتى خه‌ڵك وه‌ك ئامرازیكى سیاسی خالێكى ره‌ش له‌ میژوویی سیاسى تا هه‌تایه‌ بۆ خۆیان تۆمار كرد.

له‌ كوتاییدا ده‌توانیین بلیین كه‌وا تاقى كردنه‌وه‌ى ململانێی حزبایه‌تى به‌رته‌سك له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تمه‌داری حوكمرانى كاك نێچیرڤان بارزانى و كابینه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، وه‌  كوردستان به‌ره‌و قوناغێكى دیكه‌ى سه‌قامگیری سیاسی و ئابوورى هه‌نگاوده‌نێت و جارێكی تر بوژانه‌وه‌ی سه‌رده‌می زێرین دێته‌ پێشه‌وه‌.

انو جوهر عبدوكا

ماسته‌ر له‌ دیراساتى نیوده‌وله‌تى

هه‌ولێر

28/3/2018