گرنگی دیدارەکەی ماکڕۆن و بارزانی

هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بۆ عەبادی واتای کۆتاییە،هەروەها لە ئێستادا باسکردنی جێبەجێکردنی مادەی سەت و چل بەهەمان شێوە گورزێکی کوشندە لە عەبادی دەدا
النسخة المصغرة

جگە لە شکاندنی بێدەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر سزاکانی عێڕاق لە سەر کوردستان و شکاندنی گەمارۆی دبلۆماسی و سیاسی کە حکومەتی عێڕاق بەهەموو توانایەکی مادی و مەعنەوی هەوڵی بۆ درێژکردنەوەی دەدا ئەوە،بانگهێشت کردنی فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆشکی ئەلیزێ و دەربڕینەکانی سەرۆکی فەڕەنسا بەوەی باوەڕی تەواوی بە توانای سەرکردە کوردەکان نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی هەیە بەر لەوەی نامەیێک بێت بۆ عەبادی و حکومەتی عێڕاق پەیامێک بوو بۆ هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کە پێویستە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیان لێدەکات.

ئەو پێشوازیە گەرموگوڕەی سەرۆکی فەڕەنسا لە شاندی هەرێمی کوردستانی کرد پەیامی یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بۆ عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق لەوەی کە لە دانیشتن و دانوستان ڕێگایەکی دیکە نیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق لەوەشدا دەستووری فیدڕاڵی دەبێ ناوبژیکەر بێ، کە بەهەر شێوەیێک دەستوور جێبەجێبکرێ بە قازانجی هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە.

لە قسەکانی سەرۆک ماکڕۆن چەند دەستەواژە و مەرجێکی تێدا بوو کە دووبارە کردنەوەی هەمان ئەو قسانە بوون کە لە مانگی ڕابردوودا لە چەند بۆنەیەکیدا نێچیرڤان بارزانی بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا ڕایگەیاندوون، لە جێبەجێکردنی دەستووری فیدڕالی عێراق بە هەموو مادەکانیەوە، جێبەجێکردنی مادەی سەت و چل کە داخوازی سەرەکی هەرێمی کوردستانە و حکومەتی عێڕاق بە هەموو شێوەیێک ڕێگری لە جێبەجێکردنی کردووە لە ساڵی دوو هەزار و پێنجەوە، هەڵوەشاندنەوەی هەموو میلیشیاکان بە حەشدی شەعبیشەوە مەرجێکی دیکەیە بۆ عەبادی کە جێبەجێکردنی لە موستەحیل نزیکە و نە عەبادی و نە هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێ تەنانەت باسیشی بکات نەک بڕیاری لێبدات و پێشتریش هەڵوێستی عەبادی و هێزە شیعیەکانمان بینی کاتێک وەڵامی داوایەکی هاوشێوەی وەزیری دەروەی ئەمریکا درایەوە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کرد بوو لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆژ بە رۆژ خەریکە هەڵوێستی بەرامبەر بە بێ منەتیەکەی عێڕاق ڕوونتر دەبێتەوە بەوەی ڕوونتر پەیامی ئاراستە دەکات و هەوڵدەدا عەبادی و حکومەتەکەی لەوە تێبگات کە ئەو ناتوانێ لە مەنتقی سەرکەوتوو و دۆڕا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ناشتوانێ زیاتر خۆی لە پێگیریە دەستووریەکان و بڕیاری دادگای فیدڕالی بدزێتەوە کە چۆن ئەنجامی ڕیفراندۆمی بە نادەستووری دانا بەهەمان شێوە بڕیاری داوە کە هەموو لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێندرێنەوە.

عەبادی کە لە شەڕێکی گەرم و یەکلاکەرەوە دایە لەگەڵ نەیارەکانی لە ناو هێزە شیعیەکان و بە تایبەتیش لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکەی خۆی نوری مالیکی کە دەیەوێ لە دەسەڵات دووری بخاتەوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی گەورەترین پاڵپشتی لێدەکەن،بۆیە باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بۆ عەبادی واتای کۆتاییە،هەروەها لە ئێستادا باسکردنی جێبەجێکردنی مادەی سەت و چل بەهەمان شێوە گورزێکی کوشندە لە عەبادی دەدا و پاشەکشێی پێدەکا،بۆیە لەوە ناچێ عەبادی بتوانێ وەڵامدەرەوەی داواکانی سەرۆک ماکڕۆن بێ و ڕەنگە لە دوڕدۆنگیەکەی بەردەوام بێ و ڕوبەڕوی خواستی نێودەوڵەتی بێتەوە کە دەیانەوێ بە جێبەجێکردنی دەستوور کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکەن.