Erbil 15°C سێشەممە 19 ئازار 12:07

عەبادی ومالیکی ( شەڕی ئاڵاکان و ئایندەی عێڕاق )

عەبادی کەمی ماوە لەوە تێبگات ئەوەی لە بەرامبەر سونە و کورد بە پاڵپشتی ئێران بۆی چووە سەرێ لەگەڵ شیعە بۆی ناچێتە سەرێ
ئاسۆ حاجی
#7
100%

بە یەکگرتووی هێشتنەوەی شیعە لایەنی کەم بەرامبەر بە کورد و سونە بە پلەی یەکەم فشاری ئێرانە پاشان مەرجەعیەت و بەرژەوەندیە مەزهەبیەکانیان کە بەردەوام ترسی لە دەست دانی دەسەڵات و گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی سونە چوارچێوەکەی بۆ دەکێشێ.

ئایا لەگەڵ زۆربوونی بەرژەوەندیەکان و زیاد بوونی هێز و کەسایەتی کاریگەر لە سەر گۆڕەپانی سیاسی – مەزهەبی شیعە دەتواندرێ ئەو یەکگرتوویە هەر بمێنێتەوە بە تایبەتی کە ئێستا هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانیش چیتر وەک بەرەیێک و ماڵێک تەماشای شیعە ناکەن،ئەوە نیە ئێران لە ڕێگای مالیکی و دەیەوێ درێژە بە پاوانکاریەکەی بدا و ئەمەریکاش لە ڕێگای عەبادی دەیەوێ ئەو بەڕەیە لە ژێر پێی ئێران بێنێتە دەرێ و بیخاتە بەرپێی هاوپەیمانە پارە زۆرەکەی خۆی سعودیە.

شیعە هەر چۆنیان تەماشا بکەی لە پەرتەوازەیەکی گەورەدان چ ستوونی لێیان بڕوانی دەبینی بەسەر چەند مەرجەعیەتێک و ماڵێکی دەست ڕۆیشتوو دابەش بوون و ئەگەر بە ئاسۆیش لێیان بڕوانی ئەوە حیزبە سیاسیەکانیان و میلیشیا چەکدارەکانیان بە سەر زیاتر لە حەفتا گرووپی دابەش بوون،لە هەمووشیان کاریگەرتر دابەش بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیە بەسەر دوو ئاراستەی مالیکی و عەبادی کە ڕۆژبەڕۆژ نێوانیان خراپتر دەبێ و جگە لە ئەگەری پارچەبوونەوەی حیزبەکەیان جارێکی دیکە ئەگەر سەرهەڵدانی پێکدادانی چەکداریش بە دوور نازاندرێ.

عەبادی کە لە سەر حیسابی وێرانکردنی هەموو شار و ئاوایەکانی سونەنشین و پاشەکشێکردن بە کوردستانیان لە کەرکوک و هەموو ناوچە دابڕێنراوەکان و گەمارۆدانی لە ڕووی سەربازی و ئابووری و دبلۆماسیەوە دەتوانێ لەناو خۆی شیعەدا چ بکات و چۆن شانازیە بۆ دروست کراوەکانی دەتوانێ لە هەڵبژاردەی داهاتوو وەبەر‌‌هێنانی لێبکات بە تایبەتیش کە ئەمەریکا تا ئێستا پاڵپشتی دەکات.

عەبادی دەیەوێ لە ڕێگای بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی ڕکابەرە بەهێزەکەی نوری مالیکی لاواز بکا، پشتی وە پشتی عەماڕ ئەلحەکیم و موقتەدا سەدڕ داوە کە ڕادەی تۆمەتبارکردنیان لەناو شەقامی شیعی و عێڕاقی لە مالیکی کەمتر نیە و بە درێژایی ساڵانی رابردوو چەندین بەڵگە بڵاوکرانەوە لە سەر ئەوەی کە ماڵی ئەلحەکیم و سەدڕ یەکەی بۆڕیە نەوتی تایبەتیان هەیە لە بەنداوەکانی بەسڕا بەڵام چونکە دوژمنداری لە مێژینەیان لەگەڵ مالیکی هەیە و هەردووکیان دەیانەوێ لە ڕێگای هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی تۆڵەی خۆیان لە مالیکی بکەنەوە،کە تۆڵەکردنەوە لە مالیکی لەوە ناچێ کارێکی ئاسان بێ بەتایبەتیش کە هێزەکانی حەشدی شەعبی زۆرینەیان لایەنگری مالیکین هەروەها زۆرینەی پەڕلەمانتارانی شیعە سەر بە مالیکین لەگەڵ ژمارەیێک پەڕلەمانتاری کورد و سونە،جگە لەوەش مالیکی دەمێکە ماڵباتی ئەلحەکیمی بە هەمان دەردی سەدڕ بردیە و کلک و باڵی کردوون هەر لە جیاکردنەوەی هێزەکانی بەدر لێیان و کەرت کردنی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کە ئێستا عەماڕ جگە لە ناوبانگی بنەماڵەکەیان و ڕەوتی حیکمە شتێکی دیکەی نیە، وەک چۆن بەهێزترین کەسایەتیەکانی ناو ڕەوتی سەدڕی لە موقتەدا کرد و لەخۆی نزیک کردنەوە کە دیارترینیان بەها ئەعرەجیە کە بە عەقڵ و دروستکەری موقتەدا و ڕەوتی سەدڕ دادەنرێ.

جگە لەوانەش هەبوونی ئێران بەو قوڕسایی و ئەو هەموو هێزە بەشەری و مەعنەویەوە کە لە هەموو عێڕاق تەنها دوو پارێزگای هەولێر و دهۆکی لە ژێر دەست دانین و ئەوانیشی لەهەموو لاوە ئابلوقە داوە چۆن بەو ئاسانیە ڕێگە دەدا ئەمەریکا لە ڕێگای یەکێک لەو کەسایەتیانەی خۆی دروستی کردووە لە عێڕاقی وەدەر نێن.

ئێران کە لە پازدە ساڵی رابردوودا لە یەمەنەوە بگرە تا عێراق و سوریا و لوبنان بەسەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتوو بووە چۆن لە ناو ماڵی دووەمی خۆی و پارچەیێک لە ئیمپڕاتۆریەتی فارسی وەک بەرپرسە سیاسی و سەربازیەکانی عێراق وا پێناسە دەکەن دەدۆڕی،دۆڕانی ئێران کەرستە و میکانیزمی جیاوازتری دەوێ لەوانەی ئێستا ئەمەریکا لە دژی بەکاریان دێنێ.

عەبادی کەمی ماوە لەوە تێبگات ئەوەی لە بەرامبەر سونە و کورد بە پاڵپشتی ئێران بۆی چووە سەرێ لەگەڵ شیعە بۆی ناچێتە سەرێ چونکە دەست بردن بۆ پیاوانی ئێران لە عێڕاق دەست بردنە بۆ سمێڵی شێر،مەگەر لە ژێرەوە خۆی لەگەڵ ئێران یەکلایی کردبێتەوە و بە هەردووکیان گۆلێکی دیکە لە ئەمەریکا بکەن وەک چۆن لە داگیرکردنەوەی کەرکوک لێیان کرد،بەوەی چ عەبادی دەرچێ یان مالیکی ئێران هەر براوە بێ.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.