كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە بەوە نادەن شەڕی ئابووری و گەمارۆ دژی كوردستان جێبەجێ بكرێت.

ئەوانەی هەڵگری ئەگەری سەپاندنی گەمارۆ و شەڕی ئابوورین لەبیریان كردووە سەردەم و واقیعەكە زۆر گۆڕاوە
Thumbnail

 

شەماڵ نوری

ئابووریناس و رۆژنامەنووس

  كورد هەمیشە بەچاوی ترس و گومانەوە دەڕوانێتە چارەنووسی هەرێمەكەو ئایندەی پرۆسەی ئابووری؛ چونكە بەدرێژایی مێژوو سەرجەم پرۆژەكانی (تورك و فارس و عەرەب) هەڵگری عەقڵیەتی دوژمنكارانەو ئەجیندەی موخابەراتی دژ بەكورد بوون، لە چارەكە سەدەی رابردووشدا پارتە سیاسییەكانی كوردستان و ئەو ململانێ سەختەی نێوانیان رێگر بووە لەبەردەم دروستبوونی ئابوورییەكی سەربەخۆ كە بەبێ ئەو ئابوورییە سەربەخۆیە مومكین نییە ببینە خاوەنی سیاسەتێكی ئابووری و روئیایەكی روونی چارەنووسساز بۆ ئایندە، ئەو سیاسەتە ئابوورییەی كە بتوانێت دەرامەتی ئاوو سامانی نەوت و غازی سروشتی و كانزاكان بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بەكاربهێنێت، تەنانەت بەرامبەر نەیارەكانیشی وەكو كارتێكی فشار ئاراستەیان بكات، هەربۆیە لە قۆناغە مێژووییەكاندا كاتێك رووبەرووی گەمارۆو قەتڵوعام بووینەتەوە هەر زوو ملكەچی دوژمنەكانمان بووینەتەوەو گەڕاوینەتەوە بۆ مەركەز؛ وەكو ئەوەی ناوەندەكانی بەغداو تەهران وئەنقەرەو دیمەشق بەشێك بن لەچارەسەر نەك بەشێك لەقەیران.

 

ئەوەتا مێژوو دووبارە دەبێتەوە و لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی بەغداو هەردوو وڵاتی توركیاو ئێران هێستریانە هەڕەشەیە برسیكردن و ئابڵوقەو بەكارهێنانی هێزیان دژ بە خەڵكی كوردستان كرد ، هەر زوو ئاغاو سوڵتان و مەزهەبچیەكانی شیعەگەریی هەڕەشەی نانەوەی شەڕی ئابووری و گەمارۆمان لێدەكەن، هەروەكو چۆن پێشتر لەبەرامبەر بەرز راگرتنی ئاڵای كوردستان هەڕەشەی بڕینی موچەمان لێكرا، تەنانەت لەكاتی  بڕیاری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتیش هەمان هەڕەشەمان لێكرا تا دەرئەنجام بودجەی هەرێمەكایان بڕی و دووچاری قەیرانێكی سەختی دارایی و ئابووری بووینەوە، ئەوانەی هەڵگری ئەگەری سەپاندنی گەمارۆ و شەڕی ئابوورین لەبیریان كردووە سەردەم و واقیعەكە زۆر گۆڕاوە.

 

 با لەوە بگەڕێین كوردستان و بارزانی پاڵپشتیەكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشیان هەیە، یاخود لەهەرسێ بەشەكەی تری كوردستان هەستی نیشتمانپەروەری جوڵاوەو كوردەكانی ئەو بەشانەی كوردستان هەرگیز لەبەرامبەر خنكاندنی باشوری كوردستان بێدەنگ نابن، بینیشمان كوردانی رۆژئاوا چۆن بەرامبەر گەمارۆ و برسیكردنی براكانیان هەڕەشەی توندیان لەكۆماری ئیسلامی كرد ، لەجیهانی ئەوروپاو ئەمەریكاو وڵاتانی پێشكەوتوودا خاوەنی لۆبیەكی كوردی گەورەین، كە وا چاوەڕوان دەكرێت بەخۆپیشاندان و داواكاری و چالاكی جۆراوجۆر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێننە وەڵام، لەمەش گرنگتر ئێستا خاوەنی هێزێكی گەورەی پێشمەرگەین كە خۆشبەختانە لەفیتنەی شەڕی حزبەكان و ململانێی پۆستچێتی خۆیان بەدوورخست و بوونە خاوەنی پاڵپشتیەكی جەماوەری و هێزێكی گەورەی وەكو ناتۆ.

 

 لەلایەكی ترەوە هاتنی ترامپ و لێدانی فرۆكەخانەی سەربازی شوعەیرات و هەڕەشە توندەكانی ئەمەریكا بەرامبەر ئێران  وەرچەرخانێكی دیكەیەو پەیامێكی روون و ئاشكرایە بۆ لایەنگران و نەیارانی ئەمەریكا كەچی تر ئەمەریكا سویسرا نییە بەرامبەر رووداوو كارەساتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  بێدەنگ بێت... كاتێكیش بەزمانی ئابووری باسی شەڕی ئابووری – جەنگی ئابووری – گەمارۆی ئابووری- نەخشەو پرۆژەی موخابەراتی دژ بە هەرێمی كوردستان دەكرێت ئەبێت دان بەو راستییەدا بنێین، ئەوە لاوازی پارتە سیاسیەكان و پەرلەمان و حكومەتە وایكردووە نەتوانین ئابووری وەكو ئامرازێك بۆ خزمەتی جیوبۆلتیك بەكار بهێنین ، هەربۆیە حەیدەر عەبادی و ئۆردوگان و پایتەختەكانی دەوروبەرمان بیر لە پیلان و مەرامی قێزەونی- گەمارۆی ئابووری - دەكەنەوە كە پێشتر نزامی سەدام و مالیكی دەرهەق بەكوردستان پیادەیان كردووە، ئەگینا هەرێمێك تاكە دەروازی وشكانی راستەوخۆی عێراق بێت بۆ توركیاو ئەوروپاو خاوەنی وزەی نەوت و غازی سروشتی بێت بۆ وڵاتێكی وەكو توركیا كە دەروازەكانی تری پرۆژەی لوولەكێشەكانی غازی بەهۆی ململانێ ئیقلیمیەكانەوە شكستی هێنابێت چۆن جورئەتی هەڕەشە دەكات.

 

 یان عێراقێك بارودۆخی ئابووری لەئێمە باشتر بێت لەكاتێكدا زۆربەی نەوتەكەی لەژێر خاكی كوردستان بێت بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی كەركوك و نەوتی كەركوك، با ئاوڕێك لەدەرامەتی ئاوی سازگاری كوردستان بدەینەوە كە لە هەرسێ بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك زیاتر لە 12 ملیار مەتر سێجا ئاو لەخۆدەگرێت و هەمووی دەرژێتە ناو خاكی عەرەبی عێراقەوە، كەچی نەمانتوانیوە كۆنترۆڵی ئەم دەرامەتە گرنگە بكەین، لەكاتێكدا ئێران و توركیا لەرێگەی بەنداوی (دارین و پرۆژەی گاپ)ەوە فشارو پاڵەپەستۆی رادەبەدەری بۆ سەر عێراق هێناوە. لەكوردستان ئەگەر بەڕێوەبردنی باشی هەرسێ (دەرامەتی ئاو- سامانی نەوت - غازی سروشتی) بكرێت و لەبەرهەمهێنانی ناوخۆ كەڵكی لێوەربگیرێت هەرگیز حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار نەدەبوو لەوەڵامی گەمارۆی سەر بەغداو بڕینی بەشە بودجەی هەرێم دەست بۆ مووچەی موچەخۆرانی بەرێت، با حكومەت ئاوڕێك لەو 17 بەنداوە بداتەوە كە دیزاین كراوەو بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە كارەكانی راوەستاوە، ئەو كات بزانە حكومەتی عێراق لەتوانایدا دەبێت هەڕەشەی بڕینی موچە بكات، با بیرو كێڵگە نەوتیەكانی كەركوك( باباگوڕگوڕ- جەمبور- خەباز – ئاڤانا- بای حەسەن) كە توانای 450 هەزار بەرمیل نەوتە لەرۆژێكدا وەبەرهێنانێكی باش و شەفافی تێدا بكرێت و تێكەڵ بە سیاسەتی ئاسایشی وزەو ئاسایشی نەتەوەیی بكرێت، ئەوجا با حكومەتە شیعەگەرییەكەی بەغدا با بەشە نەوت و بەنزین و سوتەمەنی نەنێرێت.

 

با ئاوڕێك لەغازی سروشتی بدرێتەوە كە یەدەگی ئەمباركراوی كوردستان كە بە 5 تریلۆن مەتر سێجا مەزەندە دەكرێت و لەریزبەندی 6 ەمین وڵاتی جیهان دێت لەدوای( روسیا- ئێران – قەتەر- توركمانستان – سعودییە- ئیمارات) ئەو كات وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئەوروپا چۆن رازی دەبن ئەو سامانە دەوڵەمەندە رێگەی لێبگیرێت نەرژێتە ناو بازاڕە جیهانیەكانەوە. ئەمەریكاو ناتۆ لەرۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێشوازی لە هەرێمێكی عەلمانی دەكەن كە ڕێز لە هەموو پێكهاتە ئاین و ئاینزاو نەتەوەییەكان بكرێت و شەڕی تیرۆرستانی جیهان بكات، ئیتر چۆن رێگە بەگەمارۆی ئابووری شەڕی ئابووری بۆ سەر ئەو هەموو پێكهاتە مەسیحی و ئێزیدی و كاكەیی و موسڵمان و سوونەو شیعەو توركمان و كوردانی رۆژهەڵات و رۆژئاواو باكورو خەڵكە لێقەوماوە دەدەن، كە لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا تەنیا هەرێمی كوردستانە تاكە پێگەیەكی ئارامیان، دوای گەڕانەوەی ناوچە كوردستانیەكان و سەپاندنی ئەمری واقیع ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان زیاتر بووەو پارچەكانی تری كوردستان بۆ ساخكردنەوەی كاڵاو بەرووبوومەكانیان پێویستیان بەم بازاڕانەیە كوردانی كوردستانی رۆژهەڵات و باكور و تەنانەت ئابووری هەردوو وڵاتی توركیاو ئێران لەئەگەری سەپاندنی گەمارۆی ئابووریدا زیانمەندتر لەكوردستان دەبن.