بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ى داهاتوو، عێراقییه‌كان به‌ قه‌رزارى له‌دایك ده‌بن

عێراق قه‌رزارى زیاتر له‌ 30 وڵاته‌، له‌دواى 2004ه‌وه‌ 120 ملیار دۆلارى قه‌رزكردووه‌ و ناتوانێت بیداته‌وه‌
Thumbnail

عێراق له‌ژێر قه‌رزدا گیرى خواردووه‌ و قه‌یران له‌ دواى قه‌یران رووى تێده‌كات،  وڵاتێك رۆژانه‌ زیاتر له‌  3 ملیۆن و  200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت و ناتوانێت قه‌رزه‌كانى بداته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى  بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ نه‌وه‌كانى به‌ قه‌رزارى له‌دایك ببن، ئه‌مه‌ش هۆى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه‌ عێراق سیسته‌مێكى عه‌سكه‌رى هه‌بووه‌، له‌ رووى گه‌شه‌پێدانى وڵاته‌وه‌ نه‌توانراوه‌ گه‌شه‌یه‌ك به‌ وڵات بدرێت و پلانێكى ئابورییانه‌ى تۆكمه‌ى مۆدێرن دابڕێژرێت كه‌ وڵات به‌ره‌و پێش ببات، به‌ڵكو له‌برى ئه‌مه‌ ته‌نیا پلانى عه‌سكه‌رى دانراوه‌ و چه‌ك كڕدراوه‌.

بۆ ئه‌مه‌ش به‌شێكى به‌رچاوى پاره‌ى نه‌وتیان به‌چه‌ك داوه‌، ته‌نیا به‌پاره‌ى نه‌وته‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و به‌ قه‌رزیش چه‌كیان كڕیوه‌، چه‌كێك كه‌ جگه‌ له‌ ماڵوێرانى هیچى دیكه‌ى بۆ عێراقیه‌كان نه‌هێناوه‌، چه‌كێك كه‌ هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ ئاساییشى عێراق بپارێزێت.

 دواى له‌ناوچوونى حیزبى به‌عس و  له‌ دواى ساڵى 2004 چاوه‌ڕوان ده‌كراعێراق له‌ قه‌رزه‌كان رزگارى ببێت، به‌ڵام هه‌مان سیاسه‌تى حزبى به‌عس په‌یڕه‌و كراو زیاتر له‌ 20%ى بودجه‌ى گشتى بۆ كه‌رتى ئاسایش ته‌رخان كرا، ئاسایشێك هه‌رگیز سه‌قامگیرى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیت، به‌شێكى به‌رچاوى بودجه‌ بۆ كڕینى چه‌ك ته‌رخان كرا، به‌شێكى به‌رچاوى چه‌كه‌كانیش به‌ 5 فه‌یله‌قه‌وه‌ له‌ موسڵ ته‌سلیم به‌ داعش كران.

هه‌روه‌كو چۆن له‌ رابردوو رژێمى به‌عس پاره‌ى به‌ چه‌ك ده‌دا و له‌ شه‌ڕه‌كاندا چه‌كه‌كان ده‌كه‌وته‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌ و كوه‌یت و ئێران، واته‌ ئه‌و چه‌كانه‌ى بۆ عێراق كڕدراون به‌رده‌وام رووبه‌رووى خۆى بووه‌ته‌وه‌، به‌شێكى زۆرى ئه‌و چه‌كانه‌ش له‌ شه‌ڕى كوه‌یت و عێراق و ئه‌مریكادا له‌ناوبران  .
دواى ساڵى 2004 وڵاتانى خاوه‌ن قه‌رزى پێش 2003  هه‌لێكیان دایه‌ عێراق و له‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌ پاریس له‌ 80%ى قه‌رزه‌كانیان خۆش بوون، به‌و مه‌رجه‌ى عێراق بتوانێت هه‌تا ساڵى 2020 باقى قه‌رزه‌كانیان بداته‌وه‌، به‌ڵام عێراق ناتوانێت له‌و ماوه‌یه‌دا قه‌رزه‌كان بداته‌وه‌، ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ وڵاتانى خاوه‌ن قه‌رز له‌ به‌خشینه‌كانیان په‌شیمان ببنه‌وه‌، به‌مه‌ش عێراق ده‌بێت سوودى ئه‌وه‌نده‌ ساڵانه‌ش بدات كه‌ قه‌رزه‌كانى دواخستووه‌ و نه‌یداوه‌ته‌وه‌.
ئێستا عێراق بڕى قه‌رزه‌كانى له‌ سه‌رووى  600 ملیار دۆلاره‌وه‌یه‌ و بۆ دانه‌وه‌ى پێویستى به‌ چه‌ندین سه‌ده‌ هه‌یه‌،واته‌ چه‌ندین سه‌ده‌ى داهاتوو عێراقییه‌كان به‌ قه‌رزارى له‌ دایك ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا كێشه‌ى له‌ كورت هێنانى بودجه‌یدا هه‌یه‌ به‌ بڕى 25 تریلیۆن دینارى عێراقى، یه‌ده‌گى  دراوى بیانى له‌ بانكى ناوه‌ندیدا له‌ 60 ملیاره‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ 45 ملیار دۆلار، سه‌ره‌ڕاى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتیش عێراق هه‌ر نه‌یتوانى كورتهێنانى بودجه‌ پڕبكاته‌وه‌، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانیش به‌رده‌وام پێویستى به‌ قه‌رزكردن ده‌بێت، دواهه‌مین قه‌رزى عێراق 5 ملیار دۆلاره‌ كه‌ له‌ ژاپۆنى وه‌رگرتووه‌ ، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بودجه‌ حه‌قى ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كان به‌ ته‌واوى نادات و  به‌دجه‌ى هه‌رێمى كوردستان نانێرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش له‌م قۆناغه‌دا به‌رده‌وامه‌ له‌ قه‌رز كردن و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شى بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى ته‌رخانى كردووه‌ به‌شێكى كه‌مى بودجه‌یه‌.

ئه‌م هۆیانه‌ واى كردووه‌  عێراق به‌ قه‌رزارترین وڵات دابنرێت له‌سه‌ر رووى زه‌وى، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ برى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان، له‌ ئاماره‌كانى تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵى كه‌ رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، عێراق ساڵانه‌ به‌رده‌وام له‌ ریزبه‌ندى 10 یه‌كه‌مینه‌كاندایه‌. 

سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى عێراق به‌ درێژه‌ پێدانى سیاسه‌تى به‌عسى و كڕینى چه‌ك و به‌دینه‌هێنانى ئاسایشێكى سه‌قامگیر، له‌ دواى 2004 ه‌وه‌ به‌رده‌وام عێراقیان به‌ره‌ و هه‌ڵدێر بردووه‌ و زیاتر خستوویانه‌ته‌ ژێر قه‌رز، دواهه‌مین ئاماریش قه‌رزى وڵاتانى بیانی و سندوقى نه‌ختى نێوده‌وڵه‌تیش نزیكه‌ى 120 ملیار دۆلاره‌، كه‌ له‌ دواى 2004ه‌وه‌ قه‌رز كراوه‌, به‌ڵام به‌رده‌وام سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كان به‌ بڕێك پاره‌ى خه‌یاڵییه‌وه‌  كورسى ده‌سه‌ڵاتیان به‌جێهێشتووه‌، واتا سامانى گشتى وڵات بۆ  به‌رپرسانى عێراقى مایه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندى بوون و بۆ گه‌لانى عێراقیش ته‌نیا قه‌رزارى و هه‌ژارى به‌دواوه‌ بووه‌.

ئێستا عێراق وه‌ك ئه‌و پیره‌ شكستخواردووه‌ى لێهاتووه‌ كه‌ نه‌ به‌ كچێنى و نه‌ به‌ بێوه‌ژنى  جگه‌ له‌ قه‌رز هیچى دیكه‌ى نه‌چاندووه‌، تاوه‌كو ئێستا بتوانێت له‌دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان یارمه‌تى بدات، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى عێراقییه‌كان به‌رده‌وام هه‌وڵى ئه‌وه‌ بده‌ن روو له‌ هه‌نده‌ران بكه‌ن و وڵات جێبێڵن، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ش كه‌ له‌ عێراقدا ده‌مێننه‌وه‌، ناچارده‌بن وه‌كو سه‌ركرده‌كانیان ماوه‌ ماوه‌ بۆ زاخاوى مێشك و له‌بیركردنى سیاسه‌تى چه‌وتى سه‌ركرده‌كانیان ، ڤیزایه‌كى ده‌وڵه‌تى كوردستان وه‌ربگرن و له‌ هاوینه‌هه‌واره‌كانى كوردستان پشوویه‌ك بده‌ن.