Erbil 15°C پێنجشەممە 09 ئایار 12:30

خۆپیشاندەرانی بەسرە خیوەتی مانگرتن لە بەردەم کێڵگەکانی نه‌وت هه‌ڵده‌ده‌ن

تا دێت بازنەی خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەبێت
خۆپیشاندەرانی بەسرە خیوەتی مانگرتن لە بەردەم کێڵگەكانی نه‌وت هه‌ڵده‌ده‌ن
کوردستان TV
100%

ماوەی سێ ھەفتەیە خۆپیشاندان لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بەھۆی نەبوونی دەرفەتی کار، خراپی رەوشی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا بەردەوامە و تا دێت بازنەی خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەبێت.

لیژنه‌ی مافەکانی مرۆڤ-ی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش داوایان لە سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی کردووه‌ سەرپەرشتی ئیدارەی پارێزگای زیقار بکات، چونکە بە تەواوی ئەو پارێزگایە بێ بەشە لە خزمەتگوزاری کەرتی گشتی. 

له‌ دوێنێشه‌وه‌ سەدان خۆپیشاندەر لە پارێزگای بەسرە،  خێوەتی مانگرتنیان لە کێڵگەی رۆژئاوای قرنە یەک کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای بەسرە، ھەڵدا. 

داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بریتییە لە: باشکردنی خزمەتگوزارییەکان، ھەروەھا رەخساندنی هه‌لی کار بە تایبەت لە کۆمپانیا نەوتییەکانی پارێزگاکە لەگەڵ دوورخستنەوەی بەرپرسانی گەندەڵکار لە پۆستەکانیان بە تایبەتیش بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگای بەسرە. 

لەئێستادا لە کێڵگەی رۆژئاوای قرنە یەک کە لە لایەن کۆمپانیای ئیکسۆن موبیل-ی ئەمریکی بەڕێوەدەبرێت، رۆژانە زیاتر له‌ 400 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنرێت. 

ھاوکات سەدان خۆپیشاندەر لە قەزای زوبێری رۆژئاوای شاری بەسرە، بە ھەمان شێوە خیوەتی مانگرتنیان لە بەردەم کێڵگەی نەوتی بورجسییە ھەڵدا.

لەو کێڵگە نەوتییە بارەگاکانی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لێییە کە کێڵگەی نەوتی زوبێر و دامەزراوەکانی دیکە بەڕێوەدەبن، خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن ناڕەزاییەکانیان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.