Erbil 15°C یەکشەممە 02 حوزەیران 14:58

بەهۆی دروستبوونی گرژی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دواخرا

کوردستان TV
100%


لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی  ئێواره‌ی ڕۆژی شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، تێکهەڵچوون لەنێوان ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی تەقەدوومی سوننە و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دیکەی سوننە دروست بوو کە بەھۆیەوە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستکەوتوون، فراکسیۆنەکانی سوننە جگە لە فراکسیۆنی پارتی تەقەدووم، ھەوڵیانداوە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تەواوکردنی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، ئەنجام بدرێت، ئەوەش ناکۆکی لەنێوان ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی تەقەدووم و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دیکەی سوننە دروست کردووە.

ناکۆکییەکان تێکهەڵچوونی ئەندامانی هەردوو فراکسیۆنەکەی لێکەوتووەتەوە و بە هۆیەوە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی تەقەدووم لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەیبەت حەلبووسی بریندار بووە.

لە دانیشتنەکەی رۆژی شه‌ممه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لە کۆی329 ئەندام، 311یان ئامادەبوون.

ھەریەک لە سالم عیساوی، تەڵاڵ زوبێعی، عامر عەبدولجەبار و مەحموود مەشھەدانی بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران خۆیان بەربژێر کردووە.

بەرلەوەی دەنگدان دەست پێ بکات، تەڵاڵ زوبێعی لە پڕۆسەکە کشایەوە و داوای کرد دەنگ بە مەحموود مەشھەدانی بدرێت.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، سالم عیساوی 158 دەنگ، مەحموود مەشھەدانی 137 دەنگ و عامر عەبدولجەبار سێ دەنگی بەدەستھێناوە، ھاوکات 13 دەنگیش پووچەڵ کرایەوە.

ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستی بە دەنگی 166 ئەندامی ئەنجوومەنەکە ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھیچ یەک لە بەربژێرەکان نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبھێنن، بۆیە ھەڵبژاردنەکە کەوتە گەڕێکی دیکەوە.

تێکهەڵچوونی نێوان ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی تەقەدوومی سوننە و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی دیکەی سوننە،. بووە هۆی ئەوەی کە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.