Erbil 15°C یەکشەممە 16 حوزەیران 20:58

هه‌ولێر... گەیاندنی خزمەتگوزاری بە زەوییەکانی 8ــی حەسارۆک دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە

کوردستان TV
100%


فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنەکەی جێبەجێ کرد و بەپێی توانا خزمەتگوزاری گەیاندە زەوییەکانی 8ی حەسارۆک.

دوای دروستکردنی شەقامێکی 60 مەتری، لە ئێستادا 180 شەقام لە زەوییەکانی 8ی حەسارۆک بڕین و ڕێکخستنیان بۆ دەکرێت.

کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت: "سەرەڕای هەبوونی کێشە و گرفتە داراییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵمان لە پەیوەندیدا بووە؛ بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکە. یەکەمجارە ئەم کارە بە ئامێر و توانای کارمەندانی شارەوانی جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە تێچووی پرۆژەکە کەمترە".

پرۆژەکە بە ئامێر و توانای کارمەندانی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت و گوژمەی پرۆژەکە 720 ملیۆن دینارە، ئەوەش کەمترە لە نیوەی ئەو تێچووەی کە لە ڕێگەی تەندەرەوە جێبەجێ دەکرێت.

هێرش جەعفەر، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پرۆژەکەیە و دەڵێت: "ماوەی ئەم پرۆژەیە 200 ڕۆژە؛ دوای تەواوبوونی کارەکان، هاووڵاتییان دەتوانن لەسەر ئەم زەوییانە خانووەکانیان بنیاد بنێن".

هاوڕێ سەلام خاوەن زەوییە لە 8 ی حەسارۆک و لەمبارەیەوە دەڵێت: "ماوەی چەندین ساڵە زەویم لێرە هەیە؛ سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە هانامانەوە هات و خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکانمان دابین کرد و هیوادارین بەردەوام بێت لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان ناوەستێت، لەپێناو بوونە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان، قۆناغ بە قۆناغ تەواوی خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنێتە زەوییەکان.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.