Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 05:50

وەزارەتی كارەبا وادەی ئاساییبوونەوەی دۆخی كارەبای راگەیاند

کوردستان TV
100%

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان وادەی ئاساییبوونەوەی دۆخی كارەبای نیشتمانی راگەیاند دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر ماوەكانی دانەوەی كارەبای نیشتمانی بەڕێژەیەكی زۆر كەم ببووەوە.

وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ سێشەممە هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستی پێ کرد و پەستانی گاز بۆ وێستگەکان بەرز بووەتەوە.

راشیگەیاند: ئێستا بڕی 270 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کۆی 520 ملیۆن پێ سێجای پێویست گەیشتووەتە وێستگەکان كە دەکاتە نیوەی توانایی وێستگەکان.

وەزارەتی كارەبا جەختیشی كردەوە كە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان دەکەونە کار.

دوێنێ سێشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو كە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ دەستی پێ کردووەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دۆخی کارەباش دەچێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.

ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری شارۆچكەی چەمچەماڵ، هێرشەكە ببووە هۆی راوەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە و هەروەها نەگەیشتنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا.

هێرشەكە جگە لە زیانی ماددی، هەروەها ببووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە و برینداربوونی چەند كارمەندێكی تریش.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.