Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 09:26

بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی حەج هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەنجامدانی پڕۆسەی حەج ئاگادارییەكی ئاراستەی هاووڵاتییان كرد.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕە لە ئاگادارییەكەدا دەڵێت "لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەجی ئەمساڵ، خەڵکانێک بەناوی کەسی و کۆمپانیاوە دەستیان کردووە بە بانگەشەی بردنی حاجیان بەرێگەی ڤیزەی ساڵی یاخود هەر جۆرە ڤیزەیەکی دیکە، بۆیە لێرەوە بە گرنگ و پێویستی دەزانین هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دووبارە ئاگادار بکەینەوە کە لە عیراق و لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە حەجێکی لەم جۆرە نییە و حکوومەتی سعوودیەش بۆ ئەمساڵ چەندین رێککاری توندی دايناوە بۆ رێگریکردن لە حەجی نافەرمی".

دەشڵێت "پێشتریش وەزارەتی حەجی عەرەبستانی سعوودیە بڵاوی کردووتەوە و بە هەموو شاندی وڵاتانی راگەیاندووە کە هەر کەسێک جگە لە رێگەی فەرمی بە هەر رێگەیەکی دیکە لە وەرزی حەجدا فەریزەی حەج ئەنجام بدات، لە کاتی دەستگیرکردنی تووشی کێشە دەبێتەوە چ بە پێژماردنی پارە یاخود بە بەندکردن و رێگریکردن کە جارێکی دیکە ئەو هاووڵاتییە گەشتی سعوودییە نەکاتەوە هۆشداری بڵاو دەکاتەوە".

هەروەها دەڵێت "ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە دووپاتی دەکەینەوە کە هەر هاووڵاتییەک بە رێگەی ڤیزەی ساڵی یاخود هەر جۆرە ڤیزەیەکی دیکە لە سعوودییە دەستگیر بکرێت خۆی بەرپرسیار دەبێت و بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە هەموو دەرهاویشتەکان دەخاتە ئەستۆی خۆیان".

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕە داوای لە هاووڵاتییان كرد کە خۆیان بە دوور بگرن لەم بانگەشانە تاوەکو سەروەت و سامانیان بە فیرۆنەچێت و ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.

جەختیشی كردەوە كە هەر کۆمپانیایەک لە ئەگەری هەڵسانی بەم کارە و لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هەبێت، ئەوا مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و جارێکی دیکە بۆی نییە لە هەرێمی کوردستان و عیراق کاری حەج و عومڕە بکاتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.