Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 04:45

لە کابینەی نۆیەمدا 138 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون و نزیکەی 100هەزار هەلی کاریش رەخسێنراوە

کوردستان TV
100%


لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا د. دیندار زێباری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری داوە بە باشتر کردنی رەوشی کرێکاران لە هەموو سێکتەرەکان.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە لە رووی یاساییەوە پرۆژە یاسای كاری تایبەت بە هەرێمی كوردستان هەموو قۆناغەکانی بڕیوە لە پەرلەمان رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم كراوە، بەمەبەستی پەسەندكردنی. 

هەروەها پرۆژە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە دواتر رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەرچوواندنی.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: لە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ گرنگییەکی زۆر بە رەوشی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان دراوە و زۆر لە راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێکراون، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بەراوردکاریى پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی کە بەشێکە لە مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتورییەكان، لە ساڵی 2022 بە ڕێژەی (42٫9٪) ڕاسپاردەکان پێشڤەچوونی بەخۆیەوە دیت و لە ساڵی 2023بە ڕێژەی (14٫3٪) جێبەجێکراوە. بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە (57٪) کاری لەسەر کراوە.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی روونکردەوە کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (18) لیژنەی کارا هەن و ژماره‌ی پڕۆژه‌ ده‌سته‌به‌ركراوه‌كان له‌ (16500) بوو به‌ (38500) پڕۆژە، لە هەمان کاتدا ژماره‌ی كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو له‌ (17000) و‌ بووه‌ به‌ (138000) كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو. له‌ ماوەی ‌(3) ساڵدا داهاتی ساڵانه‌ی سندوقی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری له‌ (74) ملیار دیناره‌وه‌ بووه‌ به‌ (194) ملیار دینار واتا چه‌ندین جار زیادی كردووه‌ و ژماره‌ی كرێكاری خانه‌نشین کراو له‌ (160) کرێکارەوە بۆتە (4189) كرێكار.

لە لایەکی دیکەوە بۆ داکۆکی کردن لە مافی کرێکاران و چارەسەری کێشەکانیان (777) کێشەی کرێکاران لە ڕێگای سەندیکای کرێکارانەوە چارەسەر کراون.

سەبارەت بە چاودێری کردنی رەوشی کرێکاران، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لیژنەکانی پشکنینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە هەر لیژنەیەک لە پشکێنەرێک و نوێنەری ژووری بازرگانی و سەندیکای کرێکاران پێکدێن، سەردانی پڕۆژەکان دەکەن بۆ بەدواداچوونی و لە ماوەی رابردوودا (22651) سەردانیان هەبووە و ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیەندراوەتە(13892) کرێکار، لە (27350) پرۆژەدا، هەروەها لە کۆتایی مانگی شوباتی 2024 لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕێنمایی ژمارە 11ی ساڵی 2023ی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی کە لە (12) ماددە پێکهاتووە دەرچووە.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی خولەکانی مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی ووتی: لاوان سوودمەند بوون لە خولەکانی مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە ژمارەیان لە ساڵی 2023 گەیشتۆتە (164) خول و  (2234) كەس لێی سوودمەند بوون. بە گشتی لە سێ ساڵی ڕابردوودا (441) خول  کراوەتەوە کە (6237) كەس لێی سووودمەند بوون.

سەبارەت بە هەوڵەکانی نەهێشتنی بێکاری ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە ساڵی 2019 تا 2022 دەستەی وەبەرهێنان (405) مۆڵەتی داوە بە (399) وەبەرهێنانی خۆماڵی، (3) بیانی، (3) هاوبەش، هەروەها دەستەی کار زیاتر لە (75،000) هەلی کاری رەخساندووە. تەنیا لە ساڵی 2023 دا (145) مۆڵەتی وەبەرهێنان بە (145) پڕۆژە دراوە لە سێکتەرە جیاجیاکان، دەستەی کار (8500) هەلی کاری رەخساندووە، حکومەتی هەرێم مەرجی ئەوەشی داناوە کە پێویستە (75٪)ی کرێکارانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خۆماڵی بن.

سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتەکانی تر لە کابینەی نۆیەم وتی: لە کەرتی پەروەردە (16349) مامۆستا و فەرمانبەری دانەمەزراو هەلی کاریان بۆ ڕەخسێندراوە. لە کەرتی کشتوکاڵ (4212) کارگەی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە (13،199) هەلی کاریان ڕەخساندووە، ژمارەى کارمەند و کرێکار لە کارگەکانی سەر بە وەزارەت گەیشتە (44203) کرێکار. هەروەها لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ساڵی 2023 بە هۆی زیادبوونی کارگەکان (49757) کەس هەلی کاریان بۆ رەخسێنرا.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.