Erbil 15°C دووشەممە 13 ئایار 18:01

ئەگەری ھەیە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەر بکات

کوردستان TV
100%


میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو زۆر نیگەرانە لەوەی لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکرێت.

لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی "Maariv"ی ئیسرائیلی لە ژمارەیەک سەرچاوەی گواستووەتەوە کە بنیامین ناتانیاھو زۆر ھەست بە ترس و نیگەرانی دەکات لەوەی لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکرێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو لە میانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسی وڵاتان لە نێویاندا سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی فشار لەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دروست بکەن، تا دادگاکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرنەکات.

جەختیان لەوەشکردووەتەوە، بنیامین ناتانیاھو درک بەوە دەکات، ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بۆ دەربکرێت، ئەوە بە کەسێکی ستەملێکراو ھەژمار دەکرێت، بۆیە ھەوڵەکانی چرتر کردووەتەوە، بۆ ئەوەی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکرنەکەی پووچەڵ بکاتەوە.

ڕۆژی 21ی ئەم مانگە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو لەبارەی ئەگەری دەرکردنی ھەر فەرمانێکی دەستگیرکردنی کە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە لە دژی خۆی یان لە دژی ھەر یەکێک لە بەرپرسانی حکومەتەکەی دەربکرێت، گوتی: "بڕیارەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کاریگەرییان لەسەر ھەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل نابێت".

پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردبوویەوە کە ئەگەری ھەیە، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەھۆی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یائۆڤ گالانت و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ھێرزی ھالێڤی دەربکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.