Erbil 15°C دووشەممە 13 ئایار 00:31

کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە سعوودیە دەستی پێ کرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە شاری ڕیاز پایتەختی سعوودیە دەستی پێ کرد کە لە میاندا، پانیڵێک لە ژێر ناوی "پێویستمان بە چی جۆرە گەشەکردنێکە؟"، ئەنجامدرا.

کۆڕبەندەکە لە ڕۆژانی 28 – 29ی ئەم مانگە بە بەشداریی زیاتر لە ھەزار سەرکردەی وڵاتان، بازرگانان و وەبەرهێنەران بەردەوام دەبێت.

ئامانجی کۆڕبەندەکە، بەھێزکردنی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردەکانە لەبارەی ژمارەیەک پرسی گرنگ لەوانە کێشە ژینگەییەکان، ڕۆڵی ھونەر لە کۆمەڵگادا، کارسازی، زیرەکی دەستکرد، دراوی دیجیتاڵ و شارە دیجیتاڵییەکان.

لە میانی دەست پێ کردنی کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە ڕیاز، پانیڵێک لە ژێر ناوی "پێویستمان بە چی جۆرە گەشەکردنێکە؟"، ئەنجامدرا کە وەزیری دارایی سعوودیە، محەمەد جەدعان قسەی تیایدا کرد.

محەمەد جەدعان گوتی: "گرژییە جیۆسیاسییەکان، مەترسی سەرەکین کە ڕووبەڕووی ئابووریی جیھانی دەبێتەوە".

ڕوونیشیکردەوە کە ئەم گرژییانە، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئابوورییەکانی جیھان دەبێت، وەک بەرتەوازەبوونی ئابووریی و ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی، ئەمە جگە لەوەی ئەو گرژییانە دەبنە مایەی ئەوەی کە ئابووریی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکان بەکاربھێندرێت و کارە بازرگانی و تەکنەلۆژیاکان و کارەکانی دیکەش، سنووردار بکرێن.

ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە گرنگی بە پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی، داھێنان و تەکنیکی بدرێت، چونکە ئەم دوو ھۆکارە بە خاڵی سەرەکی گەشەسەندنی کوالیتی بەرز دادەنرێن.

لای خۆیەوە سەرۆکی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، کریستالینا جۆرجیڤا لە میانی پانێڵەکەدا، ڕایگەیاند کە بەھۆی لاوازبوونی بەرھەمھێنان لە جیھاندا، گەشەی ئابووریی لە جھیاندا، بەڕێژەی 50 لەسەدا کەمبووەتەوە.

کریستالینا جۆرجیڤا باسی لەوەش کرد کە بەھێزی دۆلار، وا دەکات ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڵئاوسان قورستر بێت و ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا سەرەڕای ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود لە ئەمریکا، بەڵام کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود لە ئەمریکا، ناگەڕێنەوە بۆ ئاستەکانی پێش پەتای کۆرۆنا".

لە 92 وڵات ھەزار سەرکردە لە کۆڕبەندەکەدا، بەشدارن ، لە نێویاندا زیاتر لە 20 وەزیری دەرەوەی وڵاتان، گەورە بازرگانان و وەبەرھێنەران کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدان و یارمەتیدانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا ھەیە بۆ بەھێزکردنی بازاڕە پێشکەوتووەکان و بازاڕە تازە گەشە سەندووەکان.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.