Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 08:51

وەزیری نەوتی عێراق: ئامادەین کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکه‌ین

کوردستان TV
#7
100%

وەزیری نەوتی عێراق ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند: ئامادەن کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئێحسان عەبدولجەبار پێشوازی لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، کەمال حەمید ئەتروشی کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی دیدارەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتە لەسەر ئەوەی کە گرنگە شەفافییەتی زیاتر لە بەڕێوەبردنی سامانی نەوت لە عێراق ھەبێت.

ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە میانی دیدارەکەدا وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاندووە کە ئامادەن کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن و گوتی، ئومێد دەکەین دیدار و گفتوگانی نێوان بەغدا و ھەولێر بەپێی دەستووری عێراق، کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولا چارەسەر بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە لای خۆیەوە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، کەمال حەمید ئەتروشی لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە کە ئومێد دەکەن ھاریکارییە ھاوبەشەکانمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پتەوتر بێت بۆ ئەوەی ببێتە مایەی کردنەوەی ئاسۆی نوێ لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوولا.

راشیگەیاندووە کە لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار ئەوەی بەدیکردووە کە ئامادەیەکی باش ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا جێبەجێکردنی رێککەوتنە نوێیەکان کە تایبەتن بە ھاریکاریی بۆ پێشخستنی پیشەسازی نەوت و غاز و ھەروەھا پاڵپشتیکردن لە ئابووریی نیشتمانیی و گەشەپێدانی بەردەوام.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.