ئیبراهیم خه‌یات

ئیبراهیم محه‌مه‌د مسته‌فا
Thumbnail

ئیبراهیم خه‌یات هونه‌رمه‌ندێكی ناسراوو ده‌نگخۆشی كوردستانه‌‌و خزمه‌تێكی زۆری به‌كاروانی هونه‌ریی كوردستان كردووه‌‌و شوێن په‌نجه‌ی به‌و بواره‌وه‌ دیاره‌.

ئیبراهیم محه‌مه‌د مسته‌فا ناوی ته‌واوی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌یه‌‌و به‌ ئیبراهیم خه‌یات ناسراوه‌. ساڵی 1931 له‌شاری سلێمانی له‌دایك بووه‌‌و له‌ ئامێزی خێزانێكی ره‌نجده‌ر په‌روه‌رده‌ بووه‌. به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌باوكی  زوو كۆچی دوایی ئه‌كات، ناتوانێ درێژه‌ به‌خوێندن بدات‌و ئه‌بێته‌ شاگرد خه‌یات‌و دواتریش به‌وه‌ستا‌و هه‌ر بۆیه‌ش به‌ ئیبراهیم خه‌یات ناسرا بوو.

مامۆستا ئیبراهیم هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانی لاوییه‌وه‌ خولیای هونه‌ری گۆرانی‌و سروود‌و مه‌قام ئه‌بێ. یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی‌و دواتریش له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی كار ئه‌كات‌و چه‌ندین به‌رهه‌می جوان له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپانه‌ تۆمار ئه‌كات. سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ئه‌چێته‌ ئیزگه‌ی كوردیی به‌غدا‌و له‌رێی ئه‌و ئیزگه‌یه‌وه‌ چه‌ند گۆرانییه‌ك تۆمارو بڵاو ئه‌كاته‌وه‌‌و به‌وه‌ش زیاتر له‌سه‌ر ئاستی كوردستان ئه‌ناسرێ.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌سۆز‌و ره‌سه‌ن بووه‌، له‌ساڵی 1958 داوای لێئه‌كرێ له‌ فیستیڤاڵی  لاوان له‌ ڤیه‌ننا ی پایته‌ختی نه‌مسا به‌شداری بكات‌و له‌و فیستیڤاڵه‌دا  به‌شداری ئه‌بێ‌و  به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بوان رائه‌كێشێ.

مامۆستا بێجگه‌ له‌ گۆرانی‌و مه‌قام، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر بووه‌ بایه‌خی زۆری به‌ سروودی نیشتمانی داوه‌‌و سرووده‌كانی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر جۆشدانی خه‌ڵك‌و پێشمه‌رگه‌ هه‌بووه‌. له‌دیارترین سرووده‌كانی ( من پێشمه‌رگه‌ی كوردستانم، خۆشم ئه‌وێ وڵاته‌كه‌م، جه‌ژنی نه‌ورۆز )‌و چه‌ندانی تر.

مامۆستا ئیبراهیم  خاوه‌نی زیاتر له‌ 100 گۆرانی‌و سروود‌و مه‌قامی تۆمار كراوه‌‌و بۆ ئه‌وانه‌ش سوودی له‌ شیعری شاعیرانی وه‌ك گۆران‌و هه‌ردی‌و فه‌ره‌یدون عه‌بدول به‌رزنجی‌و شیعری فۆلكۆر وه‌رگرتووه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ی كورد له‌ 3ی مایسی 2005  به‌یه‌كجاری ماڵئاوایی كرد. به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كانی‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی هه‌میشه‌ به‌نه‌مری ئه‌یهێڵنه‌وه‌. درودی رێزو وه‌فا‌و ئه‌مه‌كداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا ئیبراهیم خه‌یاتی هونه‌رمه‌ند‌و كوردپه‌روه‌ر.