مه‌حمود محه‌مه‌د: پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتوون به‌یه‌كه‌وه بچنه‌ به‌غدا

پێمان باشه كه لایه‌نه سیاسیه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش له‌و هاوپه‌یمانیه به‌شدار بن

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: دوای كۆبوونه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ك پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتووین به‌یه‌كه‌وه و به یه‌ك به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش كه بابه‌تی عێراقی و كوردستانی له خۆ ده‌گرێت بچینه‌ به‌غدا.

له لێدوانێكی تایبه‌ت به كوردستان تیڤی مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، دوای كۆبوونه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان  وه‌ك پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتووین به‌یه‌كه‌وه و به یه‌ك به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش كه بابه‌تی عێراقی و كوردستانی له خۆ ده‌گرێت بچینه‌ به‌غدا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێڕاق.

گوتیشی، پێمان باشه كه لایه‌نه سیاسیه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش له‌و هاوپه‌یمانیه به‌شدار بن.

مه‌حمود محه‌مه‌د سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی بۆ توركیا و ئه‌وروپا به شكاندنی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كانه ناوبرد كه كاریان ده‌كرد بۆ په‌راوێزخستنی سیاسی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان و به سه‌ركه‌وتوو ناوی برد.

وته‌بێژی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات له ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌وڵ دایه پێداچوونه‌وه به لیستی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌دا بكات كه دیاری كراون بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و جه‌ختشیی كرده‌وه سه‌رۆك بارزانی راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره ده‌كات.