2 ئه‌كته‌ری ئێرانی وه‌ك باشترین ئه‌كته‌رانی جیهان ده‌ست نیشان كران

مانگی داهاتوو لە میهرەجانی فیلمی نیوزیلەند نمایش ده‌كرێت


سایتی ترابیكا فیلم له‌ كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی لیستێك به‌ ناوی باشترین ژنه‌ ئه‌كته‌رانی جیهان بۆ ساڵی 2018 ،كه‌ پێكهاتبوون له‌ 11 ژن ، ناوی 2 كچه‌ ئه‌كته‌ری ئێرانیش له‌ نێو لیسته‌كه‌دا هه‌بوون .

هه‌ردوو كچه‌ ئه‌كته‌ری ئێرانی " ماهور جه‌باری " و به‌هار نوحیان " به‌ هۆی رۆل گێرانیان له‌ فیلمی " ئاوا " كه‌ له‌ نووسین و ده‌رهێنانی " سه‌ده‌ف فرووغی " یه‌  وەک باشترین ئەکتەرانی ژنی جیهان، لە ساڵی 2018 لەگەڵ 9 ژنە ئەکتەری جیهانی هەڵبژێردران .

فیلمی" ئاوا " لە میهرەجانی وڵاتی کەنەدا کە بە یەک لە گرینگترین میهرەجانەکانی فیلم لە دونیا دادەنرێت، توانیویە، لە 8 بەشدا ببێتە کاندیدی وەرگرتنی خەڵات، لەوان لە بەشی باشترین ئەکتەری ژن و باشترین سیناریۆ و باشترین دەرهێنان و مۆنتاژ و دیزاین و هەروەها لە بواری وێنە گرتن .

ئه‌م فیلمه‌ پێشتر له‌ چه‌ندین میهره‌جانی جیهانیدا به‌شداری كردووه‌ و خەڵاتی فیپرێشی لە تۆرینتۆ و هەروەها خەڵاتی یەکەمی فیلمی کەنەدای بە دەست هیناوە و وا بڕیارە لە مانگی داهاتوشدا لە میهرەجانی فیلمی نیوزیلەند نمایش بکرێت .

ژماره‌یه‌ك ئه‌كته‌ری دیكه‌ی  ئێرانی وه‌ك لیلی"  ڕەشیدی ، وەحید ئاقاپوور و شایستە سەجادی " له‌م فیلمه‌دا رۆلیان گێراوه‌ .