سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكات

مەكگورك: ئەمەریكا بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان


سەرۆك بارزانی له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەوەی دووپاتكردەوە لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی هەڵەكانی ڕابردوو و گەییشتن بە شەراكەتی ڕاستەقینە پێویستە هاوپەیمانێتییەكی هەمە لایەنە لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی بە هەموو وردەكارییەكانییەوە دروست بكرێت.

ئه‌مرۆ دووشەممە 9ـی 7ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بڕێت مەكگورك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كین گرووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سووریا و نیگەرانییەكان لەبارەی ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش سیاسەتی وڵاتەكەی لەمەڕ گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و دەولییەكان و ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی سووریا خستەڕوو.

بارودۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی هەڵەكانی ڕابردوو و گەییشتن بە شەراكەتی ڕاستەقینە پێویستە هاوپەیمانێتییەكی هەمە لایەنە لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی بە هەموو وردەكارییەكانییەوە دروست بكرێت و میكانیزم و سەقفی زەمەنیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو سێ پڕەنسیپە دابنرێت بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان هەست بەوە بكەن كە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا شەریكن و هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپەیشدا حكوومەت پێكبهێنرێت.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەوەیشی خستەڕوو كە دەرفەتی زۆر بۆ كاری هاوبەش هەیە لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و متمانە.

barzani.jpg