سه‌رچاوه‌یه‌ك مه‌ترسى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى داعش له‌ عێراق راده‌گه‌ینێت

75 گوندی پارێزگای سەڵاحەدین لەژێر دەستی داعش دان

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 9/7/2018 ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، کە رەتڵێکی داعش کە پێکهاتبوون لە 50 ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەکدار ماوەی دوو رۆژە  لە سووریاوە بەرەو عێراق بەڕێکەوتوون.

ئه‌حمه‌د جه‌ربا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگای نەینەوا بە مالپه‌رى "سومەریەنیوز"ی راگەیاند" لەگەڵ هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی چەکدارانی داعش بۆ عێراق سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاگادار دەکەمەوە کە جوڵەیەکی بەپەلە بکەن و نەهێڵن کارەساتەکەی ساڵی 2014 دووبارە ببێتەوە".

وتیشی" سنوری عێراق و سوریا بەشێوەیەک لە شێوەکان کراوەیە و جوڵەی چەکدارانی داعش بەردەوامە و نەپچڕاوە لەو ناوچانە، نوێترین جوڵەشیان گەیشتنی 50 ئۆتۆمبێلی داعشە کە سنوری سوریا دەبڕن و دێنە نێو عێراقەوە".

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، باقر  جەبر زوبێدی ئەندامی سەرکردایەتیی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاند" 75 گوندی پارێزگای سەڵاحەدین لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش دان. 

زوبێدی وتیشى" بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە دەستیکەوتووە، تیرۆریستانی داعش لە چیای حەمرین جێگیر بوون و توانیویانە 75 گوند بە درێژایی باشووری رەشاد تا ناوچەی مەتیبیجە لە خۆرئاوای عوزێم  داگیربکەن. 

روونیشیکردووەتەوە، ھەرچەندە داعش لە شاری موسڵ کۆتایی پێھاتووە، بەڵام بە درێژایی حەمرین تا سامەڕا تیرۆریستان بوونیان ھەیە.