كۆمپانیایه‌كی هۆڵه‌ندیی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ ئێران راده‌گرێت

ئه‌م وڵاته‌ ئاینده‌یه‌كی ئابووریی روونی نابێت و ئه‌نجامی نه‌رێنیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

كۆمپانیای فڕۆكه‌وانیی (KLM)ـی هۆڵه‌ندیی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ گه‌شته‌ راسته‌وخۆكانی خۆی بۆ تاران له‌ 23 سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ راده‌گرێت. 

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌م كۆمپانیایه‌ هۆكاری راگرتنی گه‌شته‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بارودۆخێكی ئابووریی نه‌رێنیی و ئاینده‌یه‌كی ناڕوون باڵی به‌سه‌ر ئێراندا كێشاوه‌.

كۆمپانیای فڕۆكه‌وانیی (KLM)ـی هۆڵه‌ندیی كه‌ لقێكی گروپی فڕۆكه‌وانیی ئێرفڕانسه‌، له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ كه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سزاكان بۆسه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، به‌رده‌وامیی گه‌شته‌كانی كۆمپانیاكه‌مان بۆ ئه‌م وڵاته‌ ئاینده‌یه‌كی ئابووریی روونی نابێت و ئه‌نجامی نه‌رێنیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

به‌یاننامه‌ی كۆمپانیاكه‌ ئه‌وه‌شی تێدا هاتووه‌ كه‌ دوایین گه‌شتی فڕۆكه‌كانی ئه‌وان رۆژی 23ـی سێپته‌مبه‌ر ده‌بێت و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ بلیتی دوای ئه‌و رێكه‌وته‌یان هه‌یه‌ یان پاره‌كه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ یان له‌ فڕۆكه‌ی كۆمپانیاكانی دیكه‌ بلیتیان بۆ دابین ده‌كه‌ن.

جێگه‌ی باسه‌ كه‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌ دوایینجار ساڵی 2013 كه‌ ئه‌مریكا سزاكانی  سه‌ر ئێرانی به‌ هۆی پڕۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئه‌م وڵاته‌ درێژكرده‌وه‌، ئه‌ویش گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران پچڕاند.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی