سوڕانه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئێرانیی له‌ نزیك كه‌شتییه‌كی فڕۆكه‌هه‌ڵگری ئه‌مریكیی

كه‌شتییه‌كه‌ له‌ ئاوه‌كانی كه‌ندوای باشووری ئێران له‌ جوڵه‌دا بووه‌

هێزی ئاسمانیی ئه‌مریكا راگه‌یاند كه‌ شه‌وی رابردوو فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی  ئێرانیی به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار و به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ لایتی هه‌ڵكرابێت له‌ كه‌شتییه‌كی فڕۆكه‌هه‌ڵگری ئه‌مریكیی نزیك بووه‌ته‌وه‌.

وته‌بێژی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكاش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ فڕۆكه‌ ئێرانییه‌كه‌ سه‌رباری هۆشداریی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك له‌ 330 مه‌تریی نزیك كه‌شتیی فڕۆكه‌هه‌ڵگری (Nimitz)  نزیك بووه‌ته‌وه‌ و له‌ ده‌وروبه‌ریی سوڕاوه‌ته‌وه‌.

وته‌بێژی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ له‌ ئاوه‌كانی كه‌ندوای باشووری ئێران له‌ جوڵه‌دا بووه‌ كه‌ ئه‌و فڕۆكه‌ ئێرانییه‌ لێی نزیك بووه‌ته‌وه‌.

سه‌نته‌ری فه‌رمانده‌یی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ئه‌مكاره‌ی ئێران هاوشێوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ 8 ئۆگستی ساڵی رابردوو ئه‌نجامیدا مه‌ترسیداره‌.

رۆژی هه‌شتی مانگی ئۆگستی ساڵی 2017 سه‌نته‌ری فه‌رمانده‌یی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی " F18 " سه‌ر به‌م هێزه‌ به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی له‌ناكاوی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئێرانی و ره‌چاو نه‌كردنی مه‌ودای گونجاو ناچار بووه‌ به‌شێوه‌ی له‌ناكاو له‌سه‌ر باندی كه‌شتیی فڕۆكه‌ هه‌ڵگری (Nimitz) بنیشێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدار و ناپڕۆفیشناڵه‌ كه‌ ئێرانییه‌كان ئه‌نجامیانداوه‌.

سه‌رچاوه‌ / یۆرۆ نیوز
مه‌سعود / كوردستان تیڤی