ئەمریكا دژی ئێران هەمان سیناریۆی عێراق دووبارە دەكاتەوە

وا پێدەچێت ترەمپ هەمان رێچكەی بۆش بگرێتە بەر و جەنگ دژی ئێران بەرپا بكات

گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەرەو قولتر و گەورەتر دەچێت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی ئەمریكای لە رێككەوتنی ئەتۆمی راگەیاند ، ئێرانیش باس لە داخستنی گەرووی هورمز دەكات لە بەردەم هاتوچۆی ئاوی نێودەوڵەتی .

گۆڤاری ناشیوناڵ ئینترستی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە كە ئەمریكا هەمان رێڕەوی عێراق بۆ رووبەرووبوونەوەی ئێران بەكار دەهێنێت .
بەپێی گۆڤارەكە سیاسەتمەدارە ئەمریكیەكان و دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵێكی گەورەیان بینی بەوەی سەرۆكی پێشووی عێراق مەترسیدارە بۆ سەر جیهان . ئەو سیناریۆیە خەریكە لە گەڵ ئێرانیش دووبارە دەبێتەوە و باس لەوە دەكرێت كە ئێران ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە داڵدە دەدات دوای هێرشەكەی سێبتێمبەری 2001 بۆ سەر ئەمریكا .

وا پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ هەمان رێچكەی جۆرج بۆش بگرێتە بەر و جەنگ دژی ئێران بەرپا بكات . بۆ ئەمەش ئەمریكا پێویستی بەوە هەیە سیستەمی حوكمرانی ئێستای عێراق بروخێنێت بۆ ئەوەی جێگەی پێی خۆی بكاتەوە و خاكی عێراق بەكار بێنێت بۆ جەنگ دژ بە ئێران .

بەپێی گۆڤارەكە پلانی جەنگی دژ بە ئێران بە 3 هەنگاو دەبێت یەكەمیان لە رێگەی ئۆپۆزسیۆنێكی دیموكرات و پیچكهێنانی حكومەتێكی دیموكرات و پشتگیری كردنی .

دووەمیان بەرگری كردن لە گەلی ئێران وەك ئەوەی كە مایك بۆمبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە بەرگری كردنی گەلانی ئێران .

سێیەمیان بانگەشەكردنە لە كۆشكی سپی  و ئەوانەی بەرگری لە سیاسەتی ئەمریكا دەكەن كە ئەمریكا هەول بدات كۆتایی بە رژێمی ئێران بهێنێت .

 

 

سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی