ژاپۆن.. به‌هۆى بارانى به‌خووڕ 64 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ده‌یان كه‌سیش بێسه‌رو شوێنن

به‌ ملیۆنه‌ها كه‌س ماڵه‌كانیان چۆڵكردووه‌

به‌ پێى هه‌واڵێكى ڕۆیته‌رز ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ى ته‌مووزى 2018، به‌هۆى بارانێكى به‌خوڕو و لافاوێكى بێ وێنه‌ له‌ وڵاتى ژاپۆن به‌لایه‌نى كه‌م 64 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ده‌یان كه‌سیش بێسه‌رو شوێنن و به‌ ملیۆنه‌ها كه‌س ماڵه‌كانیان چۆڵكردووه‌.

حكومه‌تى ژاپون تیمێكى 54.000ـی له‌ سه‌رباز و پۆلیس و ئاگركوژێنه‌وه‌ ناردووه‌ بۆ فریاكه‌وتنى لێقه‌وماوان له‌ ڕۆژئاوا و باشوورى ڕۆژئاواى ژاپۆن.

هاوكات 2 ملیۆن كه‌س فه‌رمانى چۆڵكردنیان پێ دراوه‌ و 2.3 ملیۆن كه‌سیش ئامۆژگارى كراون تا شوێن و ماڵه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن.

شینزو ئه‌بى سه‌رۆكى وڵاتى ژاپۆن ڕایگه‌یاند: كه‌سێكى زۆر بێسه‌رو شوێنن و زۆرێك پێویستیان به‌ یارمه‌تى هه‌یه‌، ئیمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ فریاكه‌وتنی هاووڵاتیان.

یه‌كێك له‌ ڕزگاربووه‌كان به‌ ته‌له‌فزیونى (NHK) ژاپۆنى راگه‌یاند: ئێمه‌ به‌هۆى هه‌ستانى ئاوێكى زۆر له‌ ئاپارتمانه‌كه‌ى لێده‌ژین چووینه‌ نهۆمى دووه‌م و دواجار لافاوه‌كه‌ به‌ره‌و زیاد بوون بوو ئێمه‌ش ناچار بوین بچینه‌ نهۆمى سێهه‌م، هه‌روه‌ها ته‌له‌فزیۆنى (NHK) ڕایگه‌یاند: 64 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و 44 كه‌سیش بێسه‌رو شوێنن له‌ نێو بزربووه‌كان منداڵێكى ته‌مه‌ن 9 ساڵى تێدایه‌.

ده‌زگاى كه‌شناسى ژاپۆن هۆشدارى بارى له‌ ناكاویدا بۆ پێشبینى بارانێكى زۆر له‌ سێ قه‌زا به‌ راده‌ى 300 ملیم له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ له‌ به‌شێك دوورگه‌ى شیكۆكو. 

جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ رۆژى هه‌ینى ڕابردووه‌وه‌ بارانێكى به‌خۆر رووى كردۆته‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵاتى ژاپۆن و به‌وهۆیه‌وه‌ لافاو چه‌ند شارێكى گرتووه‌ته‌وه‌ و زیانێكى زۆر به‌ هاووڵاتیان و حكومه‌تى ژاپون گه‌یشتووه‌.


ئاماده‌كرن و وه‌رگێڕانى/ سیروان عه‌زیز