هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان: پایته‌ختی داعشمان له‌ ئه‌فغانستان له‌ناو برد

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ش به‌ یارمه‌تیی هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌فغانستان و هاوپه‌یمانان به‌ڕێوه‌چووه‌

ئه‌و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی له‌ ئه‌فغانستانن ده‌ڵێن له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شدا بۆسه‌ر چه‌كدارانی داعش، پایه‌ختی ئه‌و گروپه‌یان له‌ناو خاكی ئه‌فغانستان له‌ناو بردووه‌. 

جۆشوا تیل فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئاماده‌ له‌ ئه‌فغانستان ده‌ڵێت له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا له‌ ناوچه‌ی " گورگوری " له‌ ویلایه‌تی نه‌نگه‌رهار 167 چه‌كداری ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌یان كوشتووه‌.

تیل سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌ڵێت: ناوچه‌كه‌ بۆ داعش گرنگ بوو، چونكه‌ لێره‌ یارمه‌تیی دارایی و لۆجستیان كۆده‌كرده‌وه‌ و هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ پیلانی هێرشیان بۆسه‌ر كابول و نه‌نگه‌رهار داده‌ڕشت. ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئیتر ناوچه‌كه‌مان له‌وان وه‌رگرته‌وه‌ و توانیمان ده‌رفه‌تی له‌بار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌ بڕه‌خسێنین تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان. 

له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا 9 په‌ناگه‌ی ژێرزه‌مینی و 5 تۆنێلی داعش و چه‌ندین كۆگای ته‌قه‌مه‌نیی له‌نێوبردران و به‌رپرسانی ئه‌مریكیی و ئه‌فغانییش پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ چه‌كداره‌ كوژراوه‌كان هاوڵاتیی بیانیی بوون.

یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی لێره‌ كوژراون یان برینداربوون له‌ پارێزگای سین كیانگی چین و تاجیكستان و ئۆزباكستانه‌وه‌ هاتبوون و هه‌روه‌ها چه‌كداری له‌ چه‌ندنی شوێنی ئه‌فغانستانیشه‌وه‌ تێدابوو.

سه‌رچاوه‌ / بی بی سی
مه‌سعود / كوردستان تیڤی