كەشتیە سەربازیەكانی ئەمریكا چوونە ناو دەریای رەش

روسیا هیچ رەخنەیەكی نیە لە بوونی كەشتیەكانی ناتۆ لە دەریای رەش

فەرماندەی دەریایی ئەمریكا لە ئەوروپا رایگەیاند كە كەشتی مۆنت ویتنی سەربازی سەر بە كەشتیگەلی شەشەمی ئەمریكا گەیشتە  دەریای رەش و دەست بە مانۆری سەربازی هاوبەشی سی بریز لە گەڵ ئۆكرانیا ئەنجام دەدات .

پێشتریش چەند چەكێكی دەریایی هەڵگری مووشەك هاتنە ناو دەریای رەش بۆ ئەوەی بەشداری ئەو مانۆرە سەربازییە دەریاییە بكات . ئۆكرانیا لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی رابردوو یاسایەكی دەركرد بەوەی رێگە دەدات هێزی بیانی بە هێزەكانی ئەمریكاشەوە بێنە ناو خاكەكەی بۆ بەشداری كردن لە مانۆری سەربازی نێودەوڵەتی سی بریز و رابیدتریدنت .

لە ساڵی 1997 ـەوە ساڵانە لە ناوچەی دەریای رەش باشووری ئۆكرانیا ئەو مانۆرە سەربازییە بەرێوە دەچێت .

ئەمریكا لە لایەن خۆیەوە ئاماژەی داوە كە بوونی سەربازی ئەمریكا لە دەریای رەش هەوڵێكە بۆ رووبەرووبوونەوەی هێزەكانی روسیا لە ناوچەكە .

روسیاش لە لایەن خۆیەوە هیچ رەخنەیەكی نیە لە بوونی كەشتیەكانی ناتۆ لە دەریای رەش و دەڵێت بوونی هێزەكانی ئەمریكا هیچ مەترسیەكی بۆ سەر هێزەكانی نیە ، بەڵام چاودێری جولەی ئەو هێزانە دەكات لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو وەڵامی پێویستی دەدەنەوە .

 

 

سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی