هه‌ڵوێستی ئێران به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ركرانی دوو دیپڵۆماتی وڵاته‌كه‌ی له‌ هۆڵه‌ندا

ئه‌وه‌ كارێكی شیاو نییه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران وێڕای بانگكردنی باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ تاران، ئه‌وپه‌ڕی ناڕه‌زایه‌تیی وڵاته‌كه‌ی پێ راگه‌یاند سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركرانی دوو دیپڵۆماتی ئێرانیی و ئه‌مكاره‌ی به‌ كارێكی نادۆستانه‌ وه‌سفكرد.

هاوكات به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركرانی ئه‌و دوو دیپڵۆماته‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هۆڵه‌نداوه‌ وتی: ئه‌وه‌ كارێكی شیاو نییه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌، چونكه‌ ئێران خۆی قوربانیی تیرۆریسمه‌ و سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕ له‌ دژی تیرۆر.

ده‌زگای هه‌واڵگریی هۆڵه‌ندا رۆژی هه‌ینی رایگه‌یاند كه‌ دوو له‌ كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌ی ئێرانی له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌ركردووه‌. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ش گریمانه‌ی جۆراوجۆر سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركرانی ئه‌و دوو دۆپلۆماته‌ كرا، كه‌ یه‌كێك له‌ گریمانه‌كان ئه‌وه‌ بوو ده‌ركرانی ئه‌و دوو دیپڵۆماته‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ده‌ستگیركرانی ئه‌مدواییه‌ی چه‌ند هاوڵاتیی دیكه‌ی ئێران له‌ وڵاتانی ئه‌وڕوپیی هه‌یه‌ كه‌ نیازیان هه‌بووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی رێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵق بۆمب دابنێنه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای گریمانه‌ی زۆر سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركرانی ئه‌و دوو دیپڵۆماته‌، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌تی هۆڵه‌ندا هۆكاری ده‌ركردنی ئه‌و دوو كه‌سه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه‌.

سه‌رچاوه‌ / یۆرۆ نیوز
مه‌سعود / كوردستان تیڤی