هۆشداری له‌ ئه‌نجامدانی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی له‌ عێراق ده‌درێ

زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان باڵی سه‌ربازییان هه‌یه‌

به‌ پێی هه‌واڵی هه‌ندێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ،له‌گه‌ڵ خالید عوبه‌یدی، وه‌زیری به‌رگری پێشووی عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌رانی سوپا، رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر عه‌بادی بۆ جاری دووه‌م پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی وه‌رنه‌گرته‌وه‌، كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی له‌ عێراق ئه‌نجام بده‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عامر فائیز، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ به‌غداد ئه‌لیۆمی راگه‌یاندووه‌: ئه‌م هه‌واڵه‌نه‌ راست نین و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بوونیان نییه‌، ئه‌نجامدانی كوده‌تای سه‌ربازی نه‌ له‌ئێستا و نه‌ له‌ داهاتوودا، كارێكی مه‌حاڵه‌، چونكه‌ هه‌مووان پابه‌ندن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان فه‌رزی كردووه‌.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: به‌هێزترین هۆكاره‌كانی روو نه‌دانی كوده‌تای سه‌ربازی له‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان باڵی سه‌ربازییان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر كوده‌تایه‌ك رووبدات، ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌.

ئاماده‌كردنی: رزگار