له‌ خۆته‌وه‌ هیچ پشكنینێك مه‌كه‌

هه‌ر پشكنینێك له‌ زانستی پزیشكیدا دوو سیفه‌تی هه‌یه‌

زۆر كه‌س كه‌ نه‌خۆشییه‌ك یان ناڕه‌حه‌تییه‌ك له‌ جه‌سته‌یاندا هه‌یه‌، بێ راوێژی پزیشكی پسپۆڕ سه‌ردانی تاقیگه‌كان یان نۆڕینگه‌ی لاكۆڵانه‌كان ده‌كه‌ن و داوا له‌ پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ده‌كه‌ن گوشاری خوێنیان بۆ بگرێ، یان رێژه‌ی شه‌كره‌یان بۆ بپێوێ، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌و جۆره‌ پشكنینانه‌ به‌بێ پرس و راوێژی پزیشك كارێكی هه‌ڵه‌یه‌.

له‌ زانستی پزیشكیدا هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ی جیاكه‌ره‌وه‌ی بۆ دانراوه‌ كه‌ به‌نزیكه‌یی له‌ زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌كاندا رووده‌دات، به‌ڵام ده‌كرێ له‌ هه‌ندێ كه‌سدا گۆڕانكاری له‌ نیشانه‌كاندا رووبدات و جۆرێكی دیكه‌ بێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جیاوازیی جه‌سته‌، ته‌مه‌ن، ره‌گه‌ز و ئاست و شێوازی به‌رگریی كه‌سه‌كان. هه‌ر بۆیه‌ پشكنینه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كرێن تاوه‌كوو دڵنیابین كه‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ هه‌یه‌ و هه‌مان نه‌خۆشییه‌ كه‌ پزیشكه‌كه‌ گومانی لێكردووه‌ هه‌تبێت.

پێویسته‌ نه‌خۆش ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی پشكنینه‌كان یارمه‌تیده‌رێكی گه‌وره‌ن له‌ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی، به‌ڵام هیچكام له‌ پشكنینه‌كان ناتوانن 100% بیسه‌لمێنن كه‌ تۆ نه‌خۆشییه‌كه‌ت هه‌یه‌ یان نیته‌. هه‌ر پشكنینێك له‌ زانستی پزیشكیدا دوو سیفه‌تی هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌وه‌ پشتی پێده‌به‌سترێت، ئه‌وانیش

یه‌كه‌م: وردی له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ڕاستی نه‌خۆشییه‌كه‌یان هه‌یه‌.

دووه‌م: وردی له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ڕاستی نه‌خۆشییه‌كه‌یان نییه‌.

چۆن؟

با به‌ نموونه‌ بڵێین پزیشك ئامۆژگاریت ده‌كات بڕۆیت پشكنینی مه‌مك (مامۆگرافی) بكه‌یت كه‌ (وردییه‌كه‌ی له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ڕاستی نه‌خۆشییه‌كه‌یان هه‌یه‌ 82%ـه‌، هه‌روه‌ها وردییه‌كه‌ی له‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ڕاستی نه‌خۆشییه‌كه‌یان نییه‌ 99%یه‌).

ئێستا تۆ ئه‌نجامه‌كه‌ت وه‌رگرته‌وه‌، دوو ئه‌نجام هه‌یه‌:

- پۆزه‌تیڤه‌ به‌واتای تۆ نه‌خۆشییه‌كه‌ت هه‌یه‌.

- نێگه‌تیڤه‌ به‌واتای تۆ نه‌خۆشییه‌كه‌ت نییه‌.

به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ سه‌ت له‌ سه‌ت راسته‌؟ بێگومان نه‌خێر، چونكه‌ وه‌ك باسمان كرد دوو سیفاتی پشكنینه‌كه‌ وای لێده‌كات ئه‌نجامه‌كان به‌و جۆره‌ بن:

- ئه‌نجامه‌كه‌ت پۆزه‌تیڤه‌ و به‌ڕاستی نه‌خۆشیه‌كه‌شت هه‌یه‌، یان ئه‌نجامه‌كه‌ت پۆزه‌تیڤ ده‌رچووه‌، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ت نییه‌. ( له‌و نموونه‌یه‌دا ئه‌گه‌ری 18% هه‌یه‌ تۆ نه‌خۆش نه‌بیت و بڵێ نه‌خۆشیت هه‌یه‌).

- ئه‌نجامه‌كه‌ت نێگه‌تیڤه‌ و راستییه‌كه‌ی تۆ نه‌خۆشیه‌كه‌ت نییه‌، یان ئه‌نجامه‌كه‌ت نێگه‌تیڤه‌ و به‌ڵام له‌ڕاستیدا تۆ نه‌خۆشی (له‌و نموونه‌یه‌دا ئه‌گه‌ری 1% هه‌یه‌ بڵێ تۆ نه‌خۆش نیت و له‌ڕاستیدا نه‌خۆشییه‌كه‌ت هه‌بێت).

هه‌ر بۆیه‌ پزیشكان له‌كاتی ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كدا كۆمه‌ڵێ شت به‌كارده‌هێنن:

1- مێژووی نه‌خۆشی: كه‌ ته‌واوی زانیارییه‌كان ده‌رباره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ و ته‌ندروستیی گشتی نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌پرسن.

2- پشكنینی كلینیكی: پزیشكه‌كه‌ به‌بینین و ده‌ستلێدان و گوێگرتن و چه‌ند ته‌كنیكێكی تایبه‌ت زانیاری ده‌رباره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ كۆده‌كاته‌وه‌.

3- پشكنینه‌ جۆراوجۆره‌كان: پشكنینی میز، خوێن و وه‌رگرتنی پارچه‌ و سامپڵ یان گرتنی تیشك. جۆری پشكنینه‌كه‌ش پشت ده‌به‌ستێ به‌ دوو به‌شه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ و بڕیاری پزیشكه‌كه‌.

4- هه‌ندێجار پێویست ده‌كات نه‌شته‌رگه‌ری به‌كاربهێنن بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌.

جا بۆیه‌ یه‌كێك یا زۆرتر له‌مانه‌ وا له‌پزیشكه‌كه‌ ده‌كات دڵنیابێت كه‌ چ نه‌خۆشییه‌كت هه‌یه‌ و پێویست ده‌كات چی بكه‌یت. هه‌ر بۆیه‌ نابێت پشكنینه‌كان له‌خۆوه‌ و بێ رێنمایی پزیشك بكرێن، چونكه‌ ره‌نگه‌ سوودی نه‌بێت له‌ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشیه‌كه‌ت و سه‌رباری ئه‌وه‌ش پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج بكه‌یت.

ن/ محه‌ممه‌د سه‌ید عه‌لی به‌رزنجی- كۆلێژی پزیشكیی زانكۆی سلێمانی

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی