به‌ ماچ كردن ته‌مه‌نتان درێژكه‌ن

ماچ راسته‌وخۆ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ له‌سه‌ر تاكه‌كان داده‌نێت

رۆژی رابردوو رۆژی جیهانیی ماچ بوو، كه‌ به‌ڕای به‌شێك له‌ زانایانی  بواری ته‌ندرووستی و سایكۆلۆجیی، ماچ بۆ مرۆڤ ته‌نانه‌ت له‌ سێكس گرنگرته‌ و ئه‌م كرداره‌ جیا له‌و خه‌سڵه‌ته‌ رۆحی و جه‌سته‌ییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تیی، ده‌توانێ ته‌مه‌نی مرۆڤیش درێژبكات.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ كه‌ی و چۆن ماچی دۆزیوه‌ته‌وه‌ رای جۆراوجۆر هه‌یه‌، به‌ڵام باوترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ كه‌ره‌سته‌ی گونجاوی _ وه‌ك كه‌وچك و مه‌نجه‌ڵ و چه‌تاڵ _ـی بۆ ئاماده‌كردن و گه‌یاندنی خۆراك بۆناو ده‌می نه‌بووه‌ و به‌ده‌ست ئه‌مكاره‌ی كردووه‌، ئه‌وسا دایكان به‌ جوینی خۆراك له‌ناو ده‌میان و له‌ رێگه‌ی كردارێك له‌شێوه‌ی ئه‌وه‌ی مرۆڤی ئێستا پێیده‌ڵێت ماچ، خۆراكه‌كه‌یان خستووه‌ته‌ ناوده‌می منداڵه‌كه‌یان.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش كه‌ مێژووی تۆماركراو سه‌باره‌ت به‌ ماچ له‌ ئاسه‌واری كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ی و كام نه‌ته‌وه‌، ده‌بێ ئاماژه‌ به‌ نووسراوه‌یه‌كی 3500 ساڵ پێش ئێستای ده‌قه‌ كۆنه‌كانی ئایینی هیندۆز بكه‌ین  كه‌ تیایاندا ئاماژه‌یان به‌م كرداره‌ مرۆییه‌ كردووه‌.

چه‌ندین توێژینه‌وه‌ش له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی پێشوودا له‌سه‌ر ماچ كراون و ئه‌نجامی جۆراوجۆریشان كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست، وه‌ك: ماچ سیسته‌می به‌رگریی له‌ش به‌هێز ده‌كات، كه‌مكه‌ره‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانییه‌، به‌رگریی له‌ كلۆربوونی ددانه‌كان ده‌كات و گرنگترین ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماچ ته‌مه‌نی مرۆڤ درێژ ده‌كات.

زانایانی ئه‌مریكیی بواری سایكۆلۆجی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌یانییان به‌ ماچ ماڵئاوایی له‌ هاوسه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن، له‌ كاری خۆیان سه‌ركه‌وتووترن له‌چاو كه‌سانی ده‌وروبه‌ریان و ته‌نانه‌ت كه‌متریش تووشی رووداوی هاتوچۆ ده‌بن له‌كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا. 

هه‌ڵبه‌ت ئه‌و زانانایه‌ رایان وانییه‌ كه‌ ماچ راسته‌وخۆ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ له‌سه‌ر تاكه‌كان داده‌نێت، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و هه‌سته‌ی كه‌ كرداری ماچكردن درووستی ده‌كات ده‌بێته‌ هۆی ئه‌و ئه‌نجامه‌ ئه‌رێنییانه‌.

سه‌رچاوه‌ / دی ده‌بڵیوو
مه‌سعود / كوردستان تیڤی