ڕوحانى: ڕێگه‌ له‌هه‌نارده‌ى نه‌وتى وڵاتانى دراوسێ ده‌گرین

سوپای پاسدارانیش پشتگیریی ئەو هەڵوێستەی رۆحانی دەکەن

حه‌سه‌ن ڕوحانى، سەرۆککۆماری ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كردووه‌، كه‌ ڕێگه‌ له‌هه‌نارده‌ى نه‌وتى وڵاتانى دراوسێ ده‌گرن، گه‌ر وڵاتان له‌سه‌ر داخوازى ئه‌مریكا نه‌وتى ئێران نه‌كڕن و سوپای پاسدارانیش پشتگیریی ئەو هەڵوێستەی رۆحانی دەکەن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوێنی سێشەممە ، حەسەن روحانی لە میانی سەردانی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا رایگەیاندووە: لە ئەگەری راگرتنی کڕینی نەوتی تاران لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە، ئەوانیش رێگری لە هەناردەی نەوتی وڵاتانی دراوسێیان دەکەن.

سەرکۆماری ئێران باسی له‌وه‌ كردووە كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران به‌ته‌واوی رابگرێت، گوتیشی: حكوومه‌تی ئه‌مریكا گوتوویه‌تی ناهێڵن ئێران یه‌ك دڵۆپ نه‌وت هه‌نارده‌ بكات. ئه‌وه‌ به‌واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ته‌واوی نه‌وتی ناوچه‌كه‌ ناتوانرێ هه‌نارده‌ بكرێت. له‌ كاتێكدا ئێران نه‌توانێ نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده‌ بكات، ئایا ده‌گونجێت نه‌وتی ناوچه‌كه‌ هه‌نارده‌ بكرێت.

لای خۆیەوە قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران، لە نامەیەکدا بۆ رۆحانی کە ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا) بڵاویکردۆتەوە نووسیویەتی:  دەستەکانت ماچدەکەم بۆ ئەو قسە ژیرانەت. من لەخزمەتتدام بۆ جێبەجێکردنی هەر یاسایەک کە خزمەت بە کۆماری ئیسلامی بکات.

رەنگە رۆحانی مەبەستی لەو هەڕەشەیە داخستنی گەرووی هورموز بێت کە تاکە رێگای کەشتییە نەوتییەکانی سعودییە،عێراق، ئیمارات و قەتەرە بۆ گەشتن بە دەریایی ئازادی عەرەبی و لەوێیشه‌وە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئەمەریکا نیازی هەیە لە چەند مانگی داهاتوو، سزا ئابورییەکانی سەر ئێران کە قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ئێرانیش دەگرێتەوە، بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ى ڕابردوو وه‌زاره‌تى ده‌روه‌ى ئه‌مریكا، ڕای گه‌یاند، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئێران ناچار بكات هه‌ڵسوكه‌وتى بگۆڕێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ى ڕاگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مریكا له‌ سه‌پاندنى سزاى زیاتر به‌سه‌ر ئێران و دابڕانى له‌ وڵاتان، دوودڵ نابێت.