وه‌زیرى به‌رگریى روسیا و ئیسرائیل گفتوگۆ له‌سه‌ر بارودۆخى باشوورى سوریا ده‌كه‌ن

وه‌زیرى به‌رگریى ئیسرائیل و هاوتا روسییه‌كه‌ى سیرجى شۆیگو

به‌پێى هه‌واڵێكى سپوتنیك، دوێنى یه‌كشه‌ممه‌ 1ى ته‌موزى 2018، وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئیسرائیل له‌ به‌یاننامه‌یەكى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: ئه‌فیگدور لیبرمان وه‌زیرى به‌رگریى ئیسرائیل له‌گه‌ڵ هاوتا روسییه‌كه‌ى سیرجى شۆیگو له‌ په‌یوه‌ندییكى ته‌له‌فونیدا بارودۆخى باشوورى سوریایان تاوتوێ كرد.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌ هاتووه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ى نێوان هه‌ردوو وه‌زیرى به‌رگری ئیسرائیل و روسیا روویداوه‌ بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر بارودۆخى باشوورى سوریا، به‌هۆى به‌یه‌كدا چوون و شه‌ڕى نێوان هێزى حكومه‌تى سوریا له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و میلیشیا چه‌كداره‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى ئیسرائیل و ئوردن بووه‌.

لیبرمان و شۆیكو بارودۆخى سوریایان باسكردووه‌ به‌تایبه‌تى په‌ره‌سه‌ندنه‌كان له‌ باشوورى وڵاته‌كه‌ و هه‌روه‌ها هه‌وڵى ئێران بۆ دامه‌زراندنى جێ پێیێك له‌سه‌ر ناوچه‌ى سوریا.

هاوكات له‌ كاتى گفتوگۆكان لیبرمان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌بوونى سه‌ربازى ئێران و حزبوللاى لوبنانى كه‌ هاوپه‌یمانى ئێرانه‌ له‌ سوریا جێگاى قبوڵكردن نییه‌ و به‌ڵێنى داوه‌ ده‌ستبه‌جى كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌رده‌وام بن له‌ بوونیان له‌و ناوچانه‌.

هاوكات له‌ كۆتایى ئایارى ئه‌مساڵدا لیبرمان و شۆیگو چاوپێكه‌وتنیكیان ئه‌نجامدا له‌ مۆسكۆ و گفتوگۆیان له‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ى سنوورى باكورى ئیسرائیل و سنوورى باشورى سوریا كردبوو.

له‌وكاته‌وه‌ى سوپاى سوریا ده‌ستى به‌ هه‌نگاوى گرتنه‌وه‌ى ناوچه‌ى باشوورى سوریا كردووه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌ستى چه‌كداره‌ میلیشیاكان بوو، بارودۆخى ئه‌و ناوچانه‌ ڕووبه‌روبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى تیدا ڕووى داوه‌ و حكومه‌تى سوریا به‌نیازى كۆنتروڵكردنه‌وه‌ى باشوورى سوریایه‌ و له‌ هه‌واڵێكى حكومه‌تى سوریا هاتووه‌ حزبوڵاى لوبنانى هیچ رۆڵێكى نابێت له‌و هێرشه‌ و به‌مه‌ش ئیسرائیل نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕیوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ نزیك به‌رزاییه‌كانى جۆلانه‌ كه‌ له‌ ژێر ده‌ستى ئیسرائیله‌ و حكومه‌تى ئسرائیل ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ناوچه‌ سنووریكانى له‌گه‌ڵ سوریا ببێته‌ ناوچه‌یه‌كى شه‌ڕو ململانێی نێوان چه‌كداران. 


ئاماده‌كردن و وه‌رگیرانى/ سیروان عه‌زیز