ئیسڕائیل سنووری هاوبه‌شی خۆی له‌گه‌ڵ سوریا به‌ تۆپ و تانك پته‌و ده‌كات

ئامانجی هۆشداریدان به‌ هێزه‌كانی سوپای سوریا ئه‌نجامدراوه‌

سوپای ئیسڕائیل رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ به‌رزاییه‌كانی جۆلان و سه‌ر سنووری هاوبه‌شی خۆی له‌گه‌ڵ سوریا تۆپ و تانكی زیاتری جێگیر كرد و ئه‌مكاره‌ش به‌ ئامانجی هۆشداریدان به‌ هێزه‌كانی سوپای سوریا ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ سه‌رقاڵی شه‌ڕن له‌ دژی چه‌كدارانی لایه‌نه‌كانی دژی حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د.

حكومه‌تی ئیسڕائیل ساڵی 1967 له‌ جه‌نگێكدا كۆنتڕۆڵی به‌رزاییه‌كانی جۆلانی گرته‌ده‌ست و ئه‌م ناوچه‌یه‌ی خسته‌ ژێرده‌ستی خۆی و ئێستاش ئومێدی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ به‌و جه‌نگه‌ی له‌ سووریا هه‌یه‌، به‌ پشتیوانیی ئه‌مریكا بتوانێ سه‌روه‌ریی خۆی به‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌دا به‌ فه‌رمیی بناسێنێت.

به‌رپرسی یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كانی سوپای ئیسڕائیل له‌ ناوچه‌ی جۆلان رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌ هه‌زاران هاوڵاتیی سوری به‌ره‌و سنوری ئیسڕائیل هاتوون و ئه‌وانیش خێوه‌تیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كردوون.

به‌گوێره‌ی راگه‌یاندنی سوپای ئیسڕائیل له‌ رۆژانی رابردوودا به‌ هۆی بۆردومانه‌كانی سه‌ر پارێزگای درعا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی سوریاوه‌ ئه‌نجامده‌درێت، ژماره‌ی ئاواره‌كانی ئه‌م وڵاته‌ زیاتر بووه‌ و سوپای ئیسڕائیلیش یارمه‌تیی زیاتری بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ ناردووه‌ و ئه‌مكاره‌شی به‌ مه‌به‌ستی هێور راگرتنی دۆخی ناوچه‌ سنوورییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان خۆی و سوریا ئه‌نجامداوه‌.

بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیلیش سه‌باره‌ت به‌م بارودۆخه‌ وتی: ئێمه‌ سنووره‌كانی خۆمان ده‌پارێزین و رێگه‌ ناده‌ین هیچكه‌س بێته‌ ناو خاكی ئێمه‌وه‌، به‌ڵام تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی بتوانین یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كانیش به‌رده‌وام ده‌كه‌ین و داواكارین كه‌ سوپای سوریا رێككه‌وتنه‌كه‌ی ساڵ 1974ـی نێوانمان به‌ هه‌ند وه‌رگرێت.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی