وەزارەتی دارایی بۆ کارئاسانی وەرگرتنی مووچە بڕیارێکی دەرکرد

بریاره‌كه‌ خانەنشین و کەمئەندامان ده‌گرێته‌وه‌


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی کارئاسانی مووچەی خانەنشین و کەمئەندامان بریاریدا شوێنی پشوو وەرگرتن لە بانکەکاندا دروست بکات.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوو لە لقی بانکی هەرێم لە سلێمانی لەکاتی باسکردنی گیروگرفتی بانکەکان، بە فەرمانی فەرمی داوای لە سەرجەم بانکەکانی هەرێم کرد شوێنی تایبەت بە پشوو وەرگرتنی کەمئەندامان و خانەنشینان دروستبکرێت.

لە فەرمانەکەدا ئەوەش هاتووە: شوێنی پشوو وەرگرتنی مووچەخۆران و خانەنشین لە شێوازی کەپر لەبەردەم بانکەکان دروستبکرێت بۆ ئەوەی لە گەرما و باران پارێزراو بن لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەفرگرێک بۆ ئاوی خواردنەوە لە شوێنی وەرگرتنی مووچە لە بانکەکاندا دابنرێت.

ئاماژەی بە ئەوەشکردووە: سەرجەم خەرجییە داراییەکان وەزارەتی دارایی خەرجی دەکات، لە هەمانکاتیشدا پێویستە سەرجەم بانکەکان هاوکاری مووچەخۆران بکەن لە کاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشین و کەمئەندامان.