وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هه‌نارده‌و داهاتی نەوتی بۆ مانگی رابردوو ئاشكراكرد

‌هیچ هه‌نارده‌كراوێكی‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوكی تێدا نییه‌


وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند لە مانگی حوزەیراندا بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە بێ کەرکوک زیاتر لە 105 ملیۆن بەرمیل بووە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ عاسم جیهاد وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: "به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ نه‌وت (سۆمۆ) له‌ مانگی‌ حوزه‌یراندا 105 ملیۆن و 640 هه‌زار و 160 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی‌ بازاڕه‌كان كراوه‌.

گوتیشی‌: تێكڕا رۆژانه‌ سێ‌ ملیۆن و 521 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهان كراوه‌.

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عیراق ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م ئاماره‌ هیچ هه‌نارده‌كراوێكی‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوكی تێدا نییه‌.

عاسم جیهاد ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ داهاتی‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ هه‌نارده‌كراوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ حه‌وت ملیار و 323 ملیۆن و 150 دۆلار و تێكڕا به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 69 دۆلار و 32 سه‌نت فرۆشراوه‌.