ته‌نها له‌ یه‌ك شاری ئێران زیاتر له‌ 2 هه‌زار كه‌س تووشی ئایدز بوون

هه‌ڵگره‌كان ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 21-35 ساڵیدایه‌

ڤایرۆسی HIV  ڕێژه‌كه‌ی ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ دایه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتانی جیهانی سێیه‌م كه‌ ئه‌مه‌ش كێشه‌و گیرو گرفتی گه‌وره‌ی بۆ خه‌ڵكی درووستكردووه‌ بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی.

به‌ پێی ئاماره‌كان ڕێژه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایدز له‌ وڵاتی ئێران، كه‌ وڵاتێكی ئیسلامییه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌رچاودایه‌ و خه‌ڵكانێكی زۆر له‌م وڵاته‌ له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر ومێ تووشی هاتوون و هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن.

به‌پێی ڕاپۆرته‌ بڵاوكراوه‌كان، ڕێژه‌ی كه‌سانی تووشبوو به‌ نه‌خۆشی ئه‌یدز له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ پارێزگای سیستان و به‌لووچستان له‌ ئێران 2 هه‌زار و 239 حاڵه‌ت پێوانه‌ كراوه‌، كه‌ ته‌نیا نزیك به‌ یه‌ك هه‌زار كه‌س وه‌ك نه‌خۆش ناسێندراون.

"محه‌ممه‌د هاشمیی شه‌هری"، سه‌رۆكی زانكۆی زانسته‌ پزیشكییه‌كانی زاهیدان، له‌ دانیشتنی ئه‌منییه‌تی خوارده‌مه‌نییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌، 66هه‌زار و 359 كه‌س له‌ ئێراندا نه‌خۆشیی ئایدزیان هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ناوبراو باسی له‌وه‌ش كردووه‌ 52 له‌سه‌دی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ له‌ ته‌مه‌نی نێوان 21 هه‌تا 35 ساڵاندان، ئه‌و ئاماره‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توێژی لاو و كاركه‌ری ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ره‌و ڕوون.

"هاشمیی شه‌هری"، باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی ئایدز له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیی سێكسییه‌وه‌ ڕووی داوه‌.

سه‌رچاوه‌.. كوردستان میدیا